زووم:
دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو، زریانى دانیاڵ رۆژهەڵاتی لیبیای گرتەوە، دوو بەنداو کە لە پشتى شارى دێرنان هەرەسیانهێنا و بەشێکی زۆری شارەکەى لەگەڵ خۆیدا راماڵی. زۆرترین زیان بەر دێرنا کەوتووە.
لافاوەکە هێندە بەهێزبوو، بەشێکی زۆری دێرنا و خەڵکەکەى بۆ نێو دەریا راماڵی، ئەوانەشەى کەوتونەتە ژێر قوڕ و لیتەوە دەرهێنانیان ئەستەمە.
پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە بۆچی ئەو دوو بەنداوە هەرەسیان هێنا؟
بە گوتەى جێگری قایمقامی شاری دێرنا، دوو بەنداوەکە لە ساڵی 2002ـەوە نۆژەندنەکراونەتەوە، هەرچەندە بەنداوەکان زۆر گەورە نەبوون، بەنداوی یەکەمیان تەنها 70 مەتر بەرزبووە.
هەردوو بەنداوەکە لە دۆڵێکدان، وەک شارەزایانى وڵاتەکە دەڵێن، کاتێک یەکەمیان هەرەسیهێناوە ئاوەکەى رژاوەتە بەنداوى دووەم، کە لە پێش بەنداوى یەکەمدایە و ئەویش بەرگەى تەوژمى ئاوەکەى نەگرتووە و هەرەسیهێنا و زیاتر لە 13 ملیۆن مەتر سێجا ئاوى هەردوو بەنداوەکە رووى لە شارەکە کردووە و لە نێوەڕاستى شارەکەوە رژاوەتە دەریاى ناوەڕاستەوە.
لەو شوێنەی بەنداوی یەکەم هەرەسیهێنا، تاوەکو رژایە نێو دەریاوە، لافاوەکە دووری 12 کیلۆمەتری بڕیوە. بەمەش لە تەنها چەند خولەکێکدا شارەکە لافاوێکی بەهێز گرتییەوە.
هایچم چکیۆوات، وەزیری فڕۆکەوانی مەدەنی و ئەندامی لیژنەی فریاگوزاریی ئیدارەی رۆژهەڵاتی لیبیا، بە رۆیتەرز رایگەیاندووە، لافاوەکە یەک لەسەر چواری دێرناى راماڵیوە.
ئەو دەڵێت، لە هەموو شوێنێک تەرم دەبینرێت؛ لەنێو دەریا و لەنێو دۆڵەکان و لەژێر باڵەخانەکاندا، زیادەڕۆى نییە ئەگەر بڵێم 25%ی لەناوچووە، گەڕەک هەیە بەتەواوی لەناوچووە.
لە داهاتوودا چی رودەدات؟
دێرنا ژمارەى دانیشتوانەکەى نزیکەى 100 هەزار کەس بوون، تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانى 6,300 کەسیان پشتڕاستکراوەتەوە، لانیکەم 10 هەزار کەسی دیکەش بێسەروشوێنن، ژمارەی قوربانییان بەردەوام بەرزتردەبێتەوە.
بەرپرسانی لیبیا داوادەکەن وڵاتانی بیانی هاوکاریی زیاترییان بۆ روبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانەی وڵاتەکە تێی کەوتووە.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، تەرمی مردووەکان مەترسییەکى جددییە بۆسەر خەڵکە رزگاربووەکە، لەبەرئەوەى هێشتا تەرمەکان لەژێر داروپەردوودان، هەفتەیەکیش بەسەر رووداوەکەدا تێپەڕدەبێت و ئیدى تەرمەکان شی دەبنەوە.
عیماد ترابلوسی، وەزیری ناوخۆی لیبیا رایگەیاند، بەرپرسانی وڵاتەکە سەرقاڵى لێکۆڵینەوەن لە لێکەوتە تەندروستییەکانى رووداوەکە.
تیمەکانى فریاگوزارى لە رێگەی ئامێری گەورە و پێشکەوتووەوە بەردەوام بەدوای تەرمەکاندا دەگەڕێن، بەڵام وێرانکارییەکە بەشێوەیەکە گەیشتن بە هەموو ناوچە زیانلێکەوتووەکان کارێکی قورسە.
لە دواى رووداوەکە بنیادنانەوەی شارى دێرنا کارێکی سەختە و کاتێکی زۆری پێویستە، سەرەڕای ئەوەش لیبیا بەسەر دوو حکومەتی رکابەری رۆژهەڵات و رۆژئاوا هێندەی دیکە دۆخەکە سەختتر دەکات.