رێکخراوەکانی بەرگری لە ئازادی و مافەکانی ژنان لە کوەیت، توشی شۆک بوون کاتێک بیستیان وەزیری نوێی پەروەردە و خوێندنی باڵا بڕیارێکی دەرکردووە بۆ جیاکردنەوەی خوێندکارانی کوڕ و کچ لە ناو زانکۆدا.
رێکخراوەکان دەڵێن ئەمە وەک تەنازولێکی وەزیر و حکومەتی کوەیتە بۆ هێزە ئیسلامیە توندڕەوەکانی پەرلەمان، کە لە ئێستادا حکومەت دەیەوێت دۆخی پەرلەمان هێمن بکاتەوە بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ خولی نوێ.
عادل مانع، ماوەی دوو هەفتەیە وەک وەزیری نوێی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەستبەکاربووە، نەیارەکانی بڕیارەکە دەڵێن حکومەت بەمەبەست ئەم وەزیرە نوێیەی خستووەتە سەر کار تا دڵی پەرلەمانتارە توندڕەوەکان رازی بکات.
حەمد ئەلعدوانی، وەزیری پێشووی پەروەردە و خوێندنی باڵا بەوە ناسرابوو کە گوێی لە داواکارییەکانی پەرلەمانتاران نەئەگرت و لەسەر بەرنامە چاکسازییەکای خۆی بەردەوام بوو.
محەمەد هایفی پەرلەمانتاری کوەیت لە رێگەی ڤیدیۆیەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، دەقی بڕیارەکەی خوێندەوە کە دەڵێت، ئەو بەش و قۆناغانەی زانکۆ هەڵدەوەشێندرێتەوە کە خوێندکارانی کوڕ و کچ تێکەڵن و دووبارە خوێندکاران تۆماردەکرێنەوە بۆ جیاکردنەوەی کوڕان و کچان.
فيديو / محمد هايف : تم إلغاء الشعب المختلطة في #جامعة_الكويت وإعادة التسجيل مرة أخرى للفصل بين الطلبة والطالبات pic.twitter.com/I6aHfWUVpN
— خدمة برلماني (@barlamany_sms) September 13, 2023
محەمەد هایف، پەرلەمانتارێکی رەوتی سەلەفیە لە کوەیت، بەوە ناسراوە کە دژی خستنەسەرکار و بەهێزکردنی پێگەی ژنانە، زۆر بە توندی دژی ئەوە وەستایەوە کە ژنان ببن بە بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی وڵات.
تێکەڵبوونی خوێندکاران لە ناوەندەکانی خوێندنی کوەیت هەمیشە لەلایەن رەوتە ئیسلامیەکان بابەتێکی بەئامانج گیراو بووە، بەم هۆیەوە زۆرێک لە وەزیرەکان کەوتوونەتە ململانێوە لەگەڵ ئەو هێزانە، هێزە ئیسلامیەکانیش پەرلەمانیان کردووەتە سەکۆ بۆ فشاردروستکردن.
ئەم هەنگاوەی وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵا دژی بڕیارێکی دادگای دەستووریە لە ساڵی 2015 کە دەڵێت، دەبێت جێگای خوێندن بۆ کوڕان و کچان لە زانکۆکان دابینبکرێت لە هەمان پۆل.