ئاکام فەهمی زوومی بەغداد کە بەدرێژای ئەمڕۆ لەگەڵ شاندەکەی هەرێم بوو، قسەی لەگەڵ بەشداربوویەکی کۆبوونەوەکان کردووە و لێی پرسیووە لەسەر چی رێککەوتوون؟
بەشداربووی کۆبوونەوەکە گوتویەتی، هەرێم پێشنیازی ئەوەیکردووە بۆ ماوەی شەش مانگ لە مانگی 7 تاوەکو 12 بەغداد مانگانە بڕی 800 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت.
شاندەکەی هەرێم لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆدا ئەو پێشنیازەی کردووە و دەیەوێت داهاتی ناوخۆش نەگەڕێنێتەوە بۆ بەغداد کە زیاتر لە 300 ملیار دیناری مانگانەیە.
حکومەتی هەرێم بۆ مووچە و خەرجییەکانی پێویستی بە زیاتر لە یەک تریلیۆن دینار هەیە و دەیەوێت بەو 800 ملیارەی بەغداد و 300 ملیارەکەی ناوخۆ پارەی مووچە و خەرجی دابینبکات.
ئەم پێشنیازە کاتییەی هەرێم بۆ شەش مانگە و دەیەوێت چەند بڕگەیەکی یاسایی بودجە بۆ ساڵی 2024 هەمواربکرێتەوە چونکە بە بۆچوونی هەرێم بەشێک لە بڕگەکان کێشەی دروستکردووە.
ئەم پێشنیازەی هەرێم خراوەتە بەردەست سێ سەرۆکایەتیەکە و لایەنە سیاسیەکانیش بە تایبەت ئەوانەی بەشدارن لە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، کە پێکهێنەری حکومەتی تازەی عێراقن بە سەرۆکایەتی سودانی.
بەگوێرەی ئەو بەڵێنانەی بە شاندەکەی هەرێم دراوە، پێشنیازەکە یەکشەممەی داهاتوو دەخرێتە دەنگدانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوەو دوای پەسەندکردنی، پێشنیازەکە جێبەجێدەکرێت و ناردنی 800 ملیارەکە رێکاری ئیداری دەمێنێت.
ئەم پێشنیازەی هەرێم لە کاتێکدایە دوای کۆتایهاتنی سەردانی شاندەکەی هەرێم، مەسرور بارزانی لە فرۆکەخانەی بەغداد بێ ئەوەی وردەکاری باس بکات بە میدیاکانی گوت، دوو پێشنیازمان داوەتە لایەنی عێراقی و چاوەڕوانی ئەنجامەکەی دەکەین.
مەسرور بارزانی پێش ئەم گوتانەی دووجاری دیکە قسەی بۆ میدیاکان کرد و گەشبینی خۆی بە کۆبوونەوەکان نەشاردەوە.
ئەم پێشنیازە تازەیەیی هەرێم لەکاتێکدایە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پێشتر پێشنیازی ئەوەی کردبوو کە بەشێوەی قەرز مانگانە 500 ملیار دینار بدرێت بە هەرێم تاوەکو ئەو کاتەی پابەندی یاسایی بودجە دەبێت.
هەرێم بەم 500 ملیارە رازی نەبوو زوومی بەغداد ئەو پرسیارەی لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمکرد کە بەو بڕە رازی نین، داوای چەند دەکەن، لە وەڵامدا مەسرور بارزانی گوتی داوای مووچە و خەرجی و مافی فەرمانبەران دەکەین، بەڵام ئێستا باسی رەقەمی پارەکە ناکەین کە چەندمان پێویستە.
گەشبینییەکەی شاندی هەرێم بەم پێشنیازە رەنگە لە بەڵێنێکی جدییەوە بێت و بتوانێت بەسەر ئەو رێگریانەدا زاڵ بێت کە دژی ناردنی پارەن بۆ هەرێم، چونکە پێشتر وەزارەتی دارایی عێراق لیژنەی دارایی و گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایانگەیاندبوو کە هەرێم لە بەشە بودجەی خۆی زیاتری وەرگرتووە چیدیکە پارەی بۆ نانێرین.