زووم:
دوای سەردانێکی چاوەڕوانکراو ئەمڕۆ، کیم جون ئون، سەرۆکى کۆریاى باکور گەیشتە رووسیا، لە کاتێکدا بەشێکی سەرۆکی وڵاتان بە فڕۆکەی تایبەت یان فڕۆکەی فەرمی وڵاتەکانیان گەشت دەکەن، بەڵام کیم بە شەمەندەفەرێکی گولـلەنەبڕ گەشتەکەى دەستپێکرد.
ئاژانسی هەواڵی کۆریا بڵاویکردەوە، کیم جون ئون بە شەمەندەفەرە گولـڵەنەبڕەکەی لە ئێوارەی یەکشەممە لە بیونگ یانگی پایتەخەتەوە بەڕێکەوتووە و ژمارەیەک لە ئەندامانی حزبی دەسەڵاتدار و حکومەت و سوپای وڵاتەکە لەگەڵیدان.
شەمەندەفەرەکە گەیشتوەتە ناوچەی پریمۆسکی رۆژهەڵاتی رووسیا. لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا شەمندەفەرێکی سەوزی مات دەرکەوتووە، کە لەلایەن شەمەندەفەرێکی رووسییەوە یاوەری دەکرێت.
شەمەندەفەرەکە رەنگی سەوزی ماتە
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی سی ئێن ئێن، شەمەندەفەرەکە رەنگی سەوزی ماتە چەند هێڵێکی زەرد بە چواردەوری شەمەندەفەرەکە کێشراوە، هەمان شەمەندەفەرە، کە پێشتر کیم ئیل سونگ باپیر و کیم جونگ ئیل باوکی سەرۆکی پێشووى کۆریای باکور گەشتیان پێکردووە.
شەمندەفەرەکەی کیم بەوە دەناسرێتەوە لە رۆشتندا خێرا نییە و بەو پێیەی کێشیکی زۆری هەیە، بەشی ناوەوەی رووپۆشی تەختەکراوە و پەنجەرەکانی بەشێوازێکی هونەری نەخشێرندراوە.
تاوەکو ئێستا زانیارییەکی فەرمی نییە، هۆکاری گەشتکردنی کیم جونگ ئون بە شەمەندەفەر چییە، بەڵام زانیارییە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن سەرۆکە گەنجەکەی کۆریا ترسی سواربوونی فڕۆکەی لە باوکییەوە بۆ ماوەتەوە.
لە بیرەوەرییەکانى کونستانین بولیوفسکی هاتووە، ئەو یەکێکە لەو بەرپرسانەی پێشووى رووسیا، کە لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکور بۆ ماوەى مانگێک بەنێو رووسیادا گەشتى کردووە. گێڕانەوەکە بەرپرسێکى پێشووى وەزارەتى دەرەوەى رووسیا ئامادەى کردووە.
کچی جوان شەمندەفەرەکە لێدەخوڕێت، چەندین شتومەکی گرانبەها و شەرابی تێدایە
بەگوێرەى گێڕانەوەکە بولیوفسکی گوتوویەتى، “کچی جوان شەمندەفەرەکە لێدەخوڕێت، چەندین شتومەکی گرانبەها و شەرابی تێدایە، چێشتخانەیەکی گەورەی تێدایە، هەر خواردنێکی رووسی، چینی، کۆری، ژاپۆنى و فەرەنسیت داواکردایە بۆیان دەهێنای، چەندین هۆڵی کۆبوونەوە، ژووری نووستن و ژووری میوانى تێدایە، چەندین تەلەفونی تێدایە، کە راستەوخۆ بە مانگە دەستکردەکانەوە بەستراوە.
سەرۆكی كۆریای باكور، لە كاتی گەشتەكاندا پێویستی بە سێ شەمەندەفەر هەیە، یەكەمیان بۆ لایەنی پارێزگاری، دووەمیان شەمەندەفەرە تایبەتەكەی خۆیەتی و سێیەمیش بۆ كەلوپەل و پاسەوانەكان .
ئەم شەمەندەفەرە پێشتر بەمەبەستی جەنگیش بەكارهێنراوە، بەڵام دواتر و لە ساڵی 2016 كیم جۆن ئون لە پیۆنگیانگەوە پێی گەڕایەوە.
سەردانەکەى کیم و کۆبوونەوەى لەگەڵ پوتین، جێبایەخى یار و نەیارەکانێتى، زانیارییەکى ئەوتۆ لەبارەى ناوەرۆکى گفتوگۆکان ئاشکرانەکراون، بەڵام ئەمریکا لەوبڕوایەدایە پرسی پێدانى چەک بە روسیا تەوەرى سەرەکى گفتوگۆکانیانى هەردوو سەرۆک دەبێت.