زووم:
ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانداری ئەو تیمەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی کرد، کە بەشدارن لە دانوستانەکان لەگەڵ تیمی هەرێمی کوردستان، گەنگەشەیەکی وردی نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمیان کرد.
عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەکە لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەت بە زووم گوتی، لە ماوەی سێ رۆژی داهاتوودا هەردوو وەزیرانی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستان میوانداری دەکرێن بۆئەوەی بۆچوونی ئەوانیش وەربگیرێت.
عەتوان عەتوانی گوتیشی، ئەوەی ئێستا هەیە، هەرێم پابەند نییە بە رادەستکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان، بەڵام دوای کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی هەرێم، لیژنەکە راپۆرتی خۆی ئامادە دەکات و پەرلەمانیش لەسەر بنەمای راپۆرتەکە، بڕیاری خۆی دەدات.
لەبارەى چارەسەری دۆخەکە، یوسف کیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جەختیکردەوە کە یاسای بودجە وەک پارێزگاکانی دیکەی عێراق مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات و هیچ چارەسەرێک نییە تەنها پابەندی هەرێم نەبێت بە یاساکە و رادەستکردنی داهاتەکانی.
یوسف کیلابی لە لێدوانێکی تایبەتدا بە زووم گوتی، بەپێی یاسای بودجە و رێنماییەکانی، ناکرێت هیچ بڕە پارەیەک بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بنێردرێت هەتاوەکو حکومەتی کوردستان پابەند نەبێت بەو یاسەیەوە، گوتیشی، هەر داهاتێک دێتە هەرێمی کوردستان، پێویستە بچێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی، دواتر وەزارەتی دارایی فیدڕالی لەسەریەتی و پێویستە شایستە داراییەکان بنێرێت.
ناوبراو جەختیکردەوە کە چارەسەرەکە قورسە ئەگەر حکومەتی هەرێم پابەند نەبێت، پێویستە گەل و پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان فشار بکەن لە حکومەتی هەرێم بکەن بۆئەوەی پابەند بێت
هەر لەوبارەیەوە، شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە زاری فراکسیۆنە کوردستانییەکان جگە لە نەوەی نوێ رایگەیاند، تاکۆتایی ئەم هەفتەیە رادەوەستین بۆ چارەسەرکردن و ناردنی موچەی فەرمانبەران، لەدوای ئەوە هەموو ئەو رێکارانەی پیویستە لەسەرمان دەیگرینەبەر.
شاخەوان عەبدوڵا لە راگەیەنراوێکدا گوتی، لەگەڵ فراکسیونە کوردستانییەکان جگە لە نەوەی نوێ بڕیاریان داوە کۆمەلیک هەنگاو بگرنەبەر بۆ دابینکردنی موچەی خەڵکی کوردستان و دانانی سنوریک بۆ برسیکردنی خەڵک.
دەشڵێت، تا کۆتایی ئەم هەفتە رادەوەستین بۆ چارەسەرکردن و ناردنی موچەی فەرمانبەران، لەدوای ئەوە هەموو ئەو رێکارانەی پیویستە دەگرنەبەر و سەرجەم بژاردەکان لەبەردەم نوینەرانی خەلکی کوردستان کراوەیە.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی داریی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بانگهێشتنکردنی شاندەی حکومەتی فیدڕاڵی بۆئەوەبوو بزانن ئەو هەشت ترلیۆن دینارە چۆن و بە چ شێوەیەک رادەستی هەرێم کراوە، هەروەها روونیبکەنەوە خەرجی فیعلی چۆن خەرج دەکرێت کە ئەوان پشکی هەرێمیان پێ دیاریکردووە.
جەمال کۆچەر لە لێدوانێکی تایبەت بۆ زووم پێی وایە هۆکاری کێشەکان لێکتێنەگەیشتنی هەردوولایە، بۆیە پێویست بوو ئەمرۆش شاندی هەرێم ئامادەبێت بۆئەوەی وەڵامی یەکتریان بدایەتەوە لەبارەى ژمارە و ئامارەکان، بەو شێوەیە دەگەیشتنە ئەنجامێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
لەبارەى 500 ملیار دینارە قەرزەکەی بەغداد بۆ هەرێم، جەمال کۆچەر گوتی، تائێستا حکومەتی هەرێم رەزامەندی نەداوە لەسەر وەرگرتنی، چونکە لەبەرئەوەی قەرزە، بابەتەکە رەزامەندی حکومەتی هەرێمیشی دەوێت.
بەڵام عودەی عەواد، ئەندامی لیژنەی دارایی پێی وایە، هەرێمی کوردستان لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا پێنج ترلیۆن دینار زیاتری لە پشکی خۆی وەرگرتووە بەڵام بۆ مووچە خەرجنەکراوە، بۆیە پێویستە هەرێم روونکردنەوە لەسەر ئەو پارەیە بدات.
عودەی عەواد لە لێدوانێکی بۆ زووم گوتی، ئیدارەدانی پارە لە هەرێمی کوردستان خراپە بۆیە سەرباری بوونی ئەو پارە زۆرە، هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە.