ئەمڕۆ یادى ڕۆژى لەدایکبوونى لیۆ تۆڵستۆى (١٨٢٨-١٩١٠)، ڕۆماننوسى بەناوبانگى ڕووسی و جیهانە. ئەو لە خێزانێکى ئەرستۆکراتى ڕووسىى دێتەدونیاوە کە لە دوو ساڵى دا دایکى لەدەستدەدات و لە نۆ ساڵییشدا باوکى. تۆڵستۆى جگە لە ئەدیب، لەناو عاممەى خەڵکدا بە عارف و پەروەردەکار و هەندێجاریش بەهەڵە وەک فەیلەسوف ناوى ڕۆیشتووە. بۆیە ناوبانگى تۆڵستۆى، بە پلەى یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ چەند ڕۆمانێکى وەک شەڕ و ئاشتى، ئاناکارنینا، و کوvتەڕۆمانێکى وەک “مەرگى ئیڤان ئیلیچ”. تۆڵستۆى، لە سەردەمى قەیسەرەکانى ڕووسیادا دەژى، بۆیە وەک ئەرکى ئەو سەردەمە ناچارە پەیوەندى بکاتە سوپاوە و دواتریش تا پلەى ملازم بەردەوام دەبێت. ئەو لەم ماوەیەدا، کە دەکاتە تەمەنى سەروو بیستوپێنج ساڵى، سەرنجى وردى دۆخى جەنگ و سەربازى دەدات و بۆ کارە ئەدەبییەکانى سوودى لێ وەردەگرێت. بۆ نمونە، هەر لەم ماوەیەدا “هەقایەتەکانى سیڤاستۆپۆل” دەنوسێت.
تۆڵستۆى دواى وەرگرتنى مەودا لە کەشى جەنگ و سەربازى، ڕوودەکاتە چەند وڵاتێکى ئەورووپى، و چاوى دەکەوێت بە ئەدیبەکانى وەک چارلز دیکنز، ئیڤان تۆرگینیڤ و هى تریش. سەرنجى پەروەردە و فێرکردنى ئەوێ دەدات و لەژێر کاریگەریی تیۆرە پەروەردەییەکەى ژان ژاک ڕۆسۆدا دەگەڕێتەوە ڕووسیا و کار بۆ پێگەیاندنى مناڵان و مێردمناڵان دەکات.
لە نزیکەى تەمەنى چل ساڵییشدا، گۆڕانێکى ڕۆحى و فیکرى بەخۆوە دەبینێت، ئەویش پاش خوێندنەوەى شاکارە فەلسەفییەکەى شۆپنهاوەر (جیهان وەک نواندنەوە و ویست): لە هاوینى ساڵى ١٨٦٩ ئەم گۆڕانە ڕۆحییەى بەسەردا دێت و بەر کۆمەڵێک چێژى مەعنەوى دەکەوێت کە خۆى لەوبارەیەوە دەڵێت «دەزانیت ئەم هاوینە چ مانایەکى بۆم هەبوو؟ چێژوەرگرتنى بەردەوام لە شۆپنهاوەر و ڕیزێک لەزەتى تر کە لەوەوپێش هەرگیز نەمچەشتووە…». تۆڵستۆى هەروەکو شۆپنهاوەر، وەک ئەوەى لە زوهدى مەسیحى و بودایی و هندۆشدا هەیە، نکۆڵى لە “ویست” دەكات و جۆرێک گۆشەگیرى و خۆگرتنەوە هەڵدەبژێرێت بەرامبەر شتە ڕاگوزەرەکانى ژیان. هەر لەڕووى ژیانە مەعنەوییەکەیەوە، تۆڵستۆى لە سەروو پەنجا ساڵییەوە واز لە خواردنى گۆشتى گیانەوەران دێنێت و “ڕاوکردن”يش بە کارێکى نائەخلاقى دەژمێرێت (هەندێک بۆچوون هەن باسى ئەوە دەکەن تواناى ئەدەبیی تۆڵستۆى پاش ڕووەکخۆرى، دابەزیوە).
تۆڵستۆى گەرچى مەسیحى بوو، بەڵام لەڕووى سیاسییەوە بە ئەنارشییەکى مەسیحى دادەنرێت. ئەرناشى بەو واتایەى کە ڕەخنەى لە دەسەڵاتى سەرکوتکەرى دەوڵەت هەبوو. لەڕووى ئابورییشەوە، دەیویست ڕەوایەتى بە ژیانى کاڵایی نەدات، بۆیە بانگەشەى بۆ ئابورییەکى سادەى دەرەوەى بازاڕ دەکرد. ئەم بۆچوونانە کە لە سۆسیالیزمێکى گشتییەوە نزیکە، لینین دەخاتە سەر ئەو بڕوایەى زنجیرەیەک وتار لەبارەى تۆڵستۆییەوە بنوسێت، و سەرەڕاى هەندێ سەرنج، لە کۆتا دەرەنجامدا بگاتە ئەوەى کە “ڕقى تۆڵستۆى لە دەرەبەگایەتى و سەرمایەدارى، پێشزەمینەیەکە بۆ سۆسیالیزمى پرۆلیتارى”.
ستایلى نوسینى تۆڵستۆى، ڕیالیستییە، جۆرێک لە واقیعگەرایی و کارکردن لەسەر واقیعى بابەتى. جگە لە ڕووى دەرەوەى کارەکتەرەکانى، کە بارى کۆمەڵایەتى و سیاسى و کەلتورییە، وەک دەنگێکى هەمووشتزانى گێڕەرەوە، بە ناخى کارەکتەرەکانیدا ڕۆدەچێت. سەرنجى دەروونى و وجودى تۆماردەکات. ترس و نیگەرانییەکانى مرۆڤ، بەشێکن لە ناواخنى کارەکانى. زمانێکى ڕوون و گەیەنەر بەکاردەهێنێت. ژمارەیەکى زۆر کتێب لەبارەى ژیان و بەرهەمى تۆڵستۆییەوە نوسراون. ئەمڕۆ ئەو بە یەکێک لە کلاسیکەکانى ئەدەبیاتى ڕووسى دادەنرێت. چەند فیلمێکیش لەسەر ئەو بەرهەمهێنراون کە فیلمى دوا وێستگە (The Last Station) یەکێکە لەوانە و ساڵى ٢٠٠٩ لەلایەن میشێل هۆفمانەوە دەرهێنراوە و باسى دوایین ساڵى ژیانى تۆڵستۆى دەکات.