زووم، ئاژانسەکان:
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لوتکەی جى 20 ، کە لە شاری نیودەلھی هیندستان بەڕێوەچوو، بڕیار لەسەر بەستنەوەی هیندستان بە ئەوروپاوە دەدرێت لە رێگای ھێڵی ئاسنین کە بە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دەڕوات، ئەمەش دەبێتە بەدیلی رێگای ئاوریشمی وڵاتی چین.
بەرپرسێکی کۆشکی سپی ئاشکرایکرد، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا رێکەوتنی ھێڵی ئاسنین و بەندەرەکان واژۆدەکرێت، کە چەندین دەوڵەت لەخۆ دەگرێت و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باشوری ئاسیاش لە خۆدەگرێت.
جۆن فاینز جێگری راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا لە نیودەلھی گوتی :”وابڕیارە لێکتێگەیشتنی رێکەوتنەکە لە لایەن یەکێتی ئەوروپا و ھیند و سعودیە و ئیمارات و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و ھاوبەشەکانی دیکە لە کۆمەڵەی بیست واژۆ بکرێت”.
دەربارەی ئامانجی پرۆژەکەش گوتی:” ئامانج لە پرۆژەکە بۆ گواستنەوەی دەریایی و ھێڵی ئاسنین دەبێت، کە بەھۆیەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وزە لە هیندستانەوە بۆ ئەوروپا زیاد دەبێت، ئەم پرۆژەیە لە ئەنجامی دانوستانی دیپلۆماسیانەی چەند مانگی رابردووی دوو لایەنە و چەند لایەنەی بەشداربووانی جی بیست بووە”.
چاوەڕوان دەکرێت، ئەمرۆ وردەکاری تەواوی رێکەوتنەکە ئاشکرابکرێت، بەڵام ماڵپەڕی ئاکسیوس ئاشکرایکرد، کە ھێڵەکە دەکرێت بۆ ئیسرائیلیش درێژ بکرێتەوە، لە ئەگەری ئاساییبوونەوەی پەیوەندی وڵاتانی عەرەبی بەو وڵاتەوە. لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی “فرانس پرێس” لە سەرچاوەیەکی ئەوروپاییەوە بڵاویکردەوە، کە پرۆژەکە” دروستکردنی دامەزراوەی وزەش لەخۆدەگرێت، بەتایبەت لە بەرھەمھێنان و گواستنەوەی ھایرۆجینی سەوز، ئەمە جگە لەوەی کێبڵی دەریایی و گواستنەوەی زانیارییەکان و بەھێزکردنی تۆڕی پەیوەندی لەخۆدەگرێت”
ئەم رێکەوتنە، بە ھەوڵی جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا بوو، کە دەیەوێت ببێتە بەدیلی “رێگای ئاوریشمی” چین، کە رێگا بە سەرمایەدارانی ئاسیایی دەدات، رێگایەکی تازە بۆ سەرمایەکانیان بدۆزنەوە، بەڵام نەیارانی رێگاکە پێیانوایە، چین دەیەوێت لەم رێگایەوە ھەژموونی سیاسی خۆی لەناوچەکە بسەپێنێت، ھەروەھا مەترسی خۆشیان لەو قەرزانە ناشارنەوە، کە چین بە وڵاتانی تازە پێگەیشتووی دەدات.
ئەمڕۆ گەڕی 18ی کۆمەڵەی بیست “جى 20” لە نیودەلھی پایتەختی هیندستان لەژێر دروشمی “یەک زەوی، یەک خێزان، یەک داھاتوو” بەڕێوەچوو، کە ھەریەک لە “فەرەنسا، چین، کەنەدا، بەرازیل، ئوستورالیا، ئەرژەنتین، مەکسیک، ژاپۆن، ئیتاڵیا، ئیندۆنیسیا، ھيندستان، ئەڵمانیا، بەریتانیا، تورکیا، باشوری ئەفریقيا، سعودیيە، روسیا، کۆریای باشور، یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا” ئەندامن تیایدا، بەڵام ئەمساڵ شى جینپینگى سەرۆکى چین و ڤلادیمێر پوتینى سەرۆکى رووسیا بەشداریی لوتکەکەیان نەکرد، ساڵانەش چەند وڵاتێک بانگھێشت دەکرێن، وەک ئیمارات، ھۆڵەندا، سەنگاپور، میسر و ئیسپانیا.