وەک هەوڵێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و دامرکانەوەی ئاڵۆزییەکان، مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەڵێنی داوە بە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی هۆزە عەرەبەکانی دەیرزوو و دانی بە بوونی “چەند هەڵەیەکدا” ناوە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکی رۆیتەرز.
لە دوو هەفتەی رابردوودا بەشێک لە هۆزە عەرەبەکانی نیشتەجێی بەری رۆژهەڵاتی دەیرزوور کە چوار ساڵە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتدایە راپەڕینیان کرد و چەند گوند و شارۆچکەیەکیان کۆنتڕۆڵکرد، دوای کوژرانی زیاتر لە 50 کەس کوژران و دەستگیرکردنی دەیان چەکداری ئەو هۆزانە، هەسەدە ناوچەکانی کۆنتڕۆڵکردەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا دەڵێت، مەزڵوم عەبدی چاوی بە سەرکردەی هۆزەکانی دەیرزوور کەوتووە و داوای هۆزەکانی پەسەندکردووە بۆ ئازادکردنی دەیان چەکداری دەستگیرکراوە.
عەبدی لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ رۆیتەرز گوتی، “بڕیارمان داوە لێخۆشبوون بۆ هەموو ئەوانە دەربکەین کە تێوەگلاون لە رووداوەکاندا، تاوەکو ئێستا نیوەیان ئازادکراوە و ئەوانی دیکەش ئازاد دەکرێن.”
دانیشتوانی عەرەبی ناوچەکە گوتوویانە کە خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا جیاکاری دەکات لەدژیان و پشکی نەوتیان پێ نادات چونکە ناوچەکە گەورەترین کێڵگەی نەوتی لە سوریا تێدایە.
لە وەڵامی پرسیاری رۆیتەرز لەبارەى بوونی سکاڵا لەلایەن هۆزەکانەوە، مەزڵوم عەبدی دانی ناوە بە بوونی “کێشە و هەڵە” و گوتوویەتی کە “بەدڵنیاییەوە هەندێک کێشە و هەڵە هەن لەوێ.”