توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات نزیکەی سەرجەم دانیشتوانی جیهان روبەروی بەرزترین پلەکانی گەرما بوونەتەوە لە مانگەکانی حوزەیران بۆ ئابی ئەمساڵ، هەموو ئەوەش بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە بووە.
توێژینەوەکە لەلایەن رێکخراوی کڵایمت سێنتڕاڵی ئەمریکییەوە ئەنجامدراوە و دەریخستووە، نیوە گۆی باکوری زەوی گەرمترین هاوینی لە مێژووی تۆمارکردنی پلەکانی گەرمیدا تۆمارکردووە و شەپۆلە گەرمە درێژخایەنەکانیش بوونەتەهۆی کەوتنەوەی ئاگری کارەساتباری دارستانەکان لە ئەمریکای باکوری و باشوری ئەوروپا و بەرزبوونەوەی ئاستی مردن لە جیهاندا.
جەخیتکردووەتەوە کە مانگی تەموز بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراوە، هەروەها تێکڕای مامناوەندی پلەکانی گەرماش لە ئابدا 1.5 پلە زیاتر بووە بەراورد بە ماوەکانی پێش شۆڕشی پیشەسازی.
توێژینەوەکە پلەکانی گەرمای 180 وڵات و 22 ناوچەی وەرگرتووە و دەریخستووە کە 98%ی دانیشتوانی جیهان روبەروی بەرزترین پلەکانی گەرما بوونەتەوە و ئەگەری دووبارەبوونەوەشی زیاتر بووە بەهۆی پیسبوونی هەوا بە دوانەئۆکسیدی کاربۆن.
ئەندرۆ بیشینگ، جێگری سەرۆکی رێکخراوی کڵایمت سێنتڕاڵی زانستی گوتی، “هیچ کەسێک لەسەر زەوی رزگاری نەبووە لە دەرئەنجام و کاریگەرییەکانی گەرمبوونی زەوی لەو سێ مانگەدا.”
دەشڵێت، “لە هەر وڵاتێک کە شیکردنەوەمان بۆ کردووە، بەوانەشەوە کە دەکەونە نیوە گۆی باشوری زەوی کە زۆربەی کاتی ساردە، چەند پلەیەکی گەرمیمان تۆمارکرد کە بینینیان ئاسان نییە، ئەوەش هیچ کاتێک روونادات ئەگەر گۆڕانی کەشوهەوا نەبێت.”
رێکخراوەکە دەیەوێت توێژینەوەی زیاتر بکات لەسەر ئەوەی ئاخۆ گۆڕانکاری کەشوهەوا دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما یاخود نا.