نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا لەوەی زیاتر لە 340 ملیۆن ژن و کچ کە دەکاتە 8%ی دانیشتوانی ژنان لە جیهاندا، تاوەکو ساڵی 2030 لە هەژارییەکی سەختدا دەمێننەوە ئەگەر دۆخەکە وەک ئێستا بەردەوام بێت.
بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێی رێکخراوی ژنانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرباری هەوڵە بەردەوامەکان لە جیهاندا، بەڵام یەکسانی جێندەری تایبەت بە ژنان و کچانی شکستیهێناوە و ئامانجەکانی بەدی نەهاتوون.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بەراورد بە هەر دۆلارێک کە پیاوان بەهۆی کارەوە بەدەستی دەهێنن لەسەر ئاستی جیهان، ژنان تەنها 51 سەنت داهاتیان هەیە.
ڕاپۆرتەکە هۆشداری داوە ئەگەر دۆخەکانی ئێستا بەردەوام بن، نزیکەی یەک لە چواری ژنان تووشی نائاسایشی خۆراکی مامناوەند یان توند دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، نەوەی داهاتووی ژنان هێشتا بە تێکڕا ڕۆژانە 2.3 کاتژمێر زیاتر لە پیاوان ژیانیان لە چاودێری بێ مووچە و کاری ناوماڵ بەسەر دەبەن.
دەشڵێت، تا ناوەڕاستی ئەم سەدەیە، گۆڕانی کەشوهەوا ڕەنگە 158 ملیۆن ژن و کچی دیکە بەرەو دۆخی هەژاری ببات کە 16 ملیۆنی زیاترە لە ژمارەی پیاوان و کوڕان.
هەروەها ”نائاسایشی خۆراک کاریگەری لەسەر 236 ملیۆن ژن و کچ زیاتر دەبێت و 131 ملیۆنی لە پیاو و کوڕ زیاترە، ئەوەش بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا’وە’.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ژمارەی ژنان و کچانی ناو شەڕ و ململانێکان لە ساڵی 2022دا گەیشتووەتە 614 ملیۆن کەسکە بە ڕێژەی 50% زیاترە لە ژمارەکە لە ساڵی 2017دا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ”لە ئاستی جیهانیدا، مەزەندەکرێت 110 ملیۆن کچ و ژنی گەنج لە ساڵی 2030دا لە خوێندن و قوتابخانە دووربکەونەوە.