ئەمڕۆ جارێکى دیکە هێزە ئەمنییەکانى کەرکوک رێوشوێنى ئەمنى توندیان گرتەبەر و لە شەقام و کۆڵانەکان بڵاویان پێکرا، ئەوەش پاشئەوەى دەنگۆى ئەنجامدانى خۆپیشاندان لە نزیک قەڵاى کەرکوک بڵاوبووەوە.
هێزە ئەمنییەکان سەرجەم ئەو رێگایانەیان داخست کە دەچوونە نزیک قەڵا، کاوە غەریب بەڕێوەبەرى گشتى پۆلیسى کەرکوک بە زوومى راگەیاند، دۆخى کەرکوک باشە و بەرەو باشتر دەڕوات و خەڵک هاوکارى هێزە ئەمنییەکان دەکەن.
هەر ئەمڕۆ عەبدولئەمیر یارەڵڵا سەرۆکى ئەرکانى سوپاى عێراق و قاسم محەمەدى فەرماندەى هێزە زەمینییەکانى عێراق گەیشتنە کەرکوک، بڕیاریشە لە رۆژانى داهاتوودا محەمەد سودانى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانى عێراق بگاتە کەرکوک.
ئەم پێشهاتانە لەکاتێکدان دووى ئەم مانگە هاوڵاتیانى کوردى کەرکوک خۆپیشاندانێکیان دژى داخستنى رێگەى هەولێر کەرکوک ئەنجامدا کە نزیکەى هەفتەیەک بوو لەلایەن خۆپیشاندەرانى عەرەبەوە داخرابوو، بەڵام گرژیی لێکەوتەوە و چوار خۆپیشاندەرى کورد کوژراون و 15ى دیکە برینداربوون.