زووم:
تێکچوونى کەشوهەوا دەستیپێکرد، 99%ى هەواى جیهان پیسە، ئەم دوو هۆشدارییە دواین هۆشدارییەکانى گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوان، کە بەگوێی مرۆڤایەتیدا دەدرێن.
کاریگەرییەکانى گۆڕانى کەشوهەوا وەک گۆتەرێز دەیڵێت، بۆ هەمووانە و ئەرکى هەمووانیشە روبەڕوى ببنەوە، هەربۆیە “پێکەوە بۆ هەواى پاک” دروشمى ئەمساڵى نەتەوەیەکگرتووەکانە لە رۆژى جیهانیى هەواى پاکدا.
پرۆگرامى ژینگەیی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، پیسبوونی هەوا گەورەترین مەترسی تەندروستی ژینگەیی سەردەمی ئێمەیە، زیاتر لە 99%ـی خەڵک هەوای ناپارێزراو هەڵدەمژن.
رێکخرراوەکە دەڵێت، پیسبوونى هەوا سنورى بەزاندووە و ساڵانە دەبێتە هۆى مردنى شەش ملیۆن و 700 هەزار کەس. دوو ملیار و 400 ملیۆن کەسیش دەکەونە بەر ئاستی مەترسیداری پیسبوونی هەوا، عێراقیش لەنێو هێڵە سورەکەدایە و لەدواى چاد، دووەم وڵاتە کە پیسترین هەوای هەیە.
رێکخراوى کەشوهەواى جیهانیی، هاوینى ئەمساڵى بە گەرمترین هاوینى نیوەگۆى زەوی دیاریکرد، کاریگەرییەکانى وایکردووە هەر رۆژە و چەند وڵاتێک بەر زریان و لافاو دەکەون، ئەم هەفتەیە، شەپۆلی بارانبارینى بێ وێنە، لەلایەک لە بەرەى ئەوروپا بولگاریا و یۆنان و تورکیاى گرتەوە، لەلایەکى دیکەوە لە ئەمریکاى باکور ویلایەتێکى باشورى بەرازیلى. لانى کەم 47 کەس گیانیان لەدەستداوە.
گۆتەرێز کاتێک ئەم شەپۆلە بەهێزەى بارانبارینى بینى، گوتى، “تێکچوونى کەشوهەوا دەستیپێکرد”
لە لوتکەى پاریسی ساڵى 2016ـەوە نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری دەداتە وڵاتە پیشەسازییە گەورەکان و داوایان لێدەکات هێندە هەوا پیس نەکەن، چونکە سەرەکیترین هۆکارى گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوایە.
ئێستاش جارێکى دیکە نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری دەداتەوە و دەڵێت،
پیسبوونى هەوا یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانى مردنى پێشوەختە و پێشبینى دەکەن تاوەکو ساڵى 2050 بە رێژەى 50% لە جیهاندا زیاد بکات.