زووم:
ترس لە موشەکەکانی روسیا، خوێندکارانی قۆناغی یەکەمی بنەڕەتی لە شاری خارکێڤی ئۆکراین ناچارکردووە لە ژورێکدا گەشتی ژیانی خوێندنیان دەستپێبکەن، کە هیچ پەنجەرەیەکی تێدا نییە، ئەمە رەنگە ببێتە یادگارییەک کە هەرگیز لە ژیانیاندا بیریان نەچێتەوە.
دوێنێ، یەکەم رۆژی ساڵی نوێی خوێندن بوو لە زۆرێک لە وڵاتە ئەوروپییەکان، بەڵام دەسپێکی خوێندنی ئەمساڵ بۆ دووەم گەورەترین شاری ئۆکراین جیاوازبوو. بەهۆی ئەوەی شارەکە تەنها 25 کیلۆمەتر لە سنوری روسیاوە دورە، جیاواز لە شارەکانی دیکە مەترسیی موشەک و هێرشە ئاسمانییەکانی روسیا زیاترە. هەربۆیە تونێلەکانی ژێرزەوی کە لەپێشدا وەک رێرەوی شەمەندەفەر بەکاردەهاتن، ئێستا کراون بە پۆل و منداڵانی ئەوشارە وانەی تێدا دەخوێنن.
هەرچەندە لە شاری خارکێڤ خوێندن بەشێوەی ئۆنلاین بووە بە شتێکی باو، بەرپرسانی شارەکە بیریان لەوەکردووەتەوە کە ئەو خوێندکارانەی تازە دەڕۆنە قوتابخانە بەشێوەی فیزیکی لە پۆلدا ئامادەبن، پۆلێک کە گرەنتی سەلامەتییان لە موشەکەکانی روسیا دەکات.
مامۆستایان و دایک و باوکی منداڵانی ئەو شارە دەڵێن، ئەو قوتابخانانە بە جۆرێک لە داهێنان دەبینن بەهۆی ئەوەی سەرجەم پلانی وانەکان بە رێکوپێکی بەڕێوەدەچێت و رەوشی پەروەدە و فێرکردن بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچیت، کە تێیدا خوێندکارەکان لەگەڵ هاوڕێکانیان لە ئاوێتەبوونێکی ئاساییدان.
لە قوتابخانەکانی ژێرزەویدا تەواوی خزمەتگوزارییە پێویستیەکان دابینکراون، جگە لە دەستشۆر و دەرچەی هەوا، پەرستار و دەرونناسیش بۆ هاوکاریی و حاڵەتی فریاگوزاریی ئامادەکراون. بۆ ئەو خوێندکارانەی کە 18 مانگە بە ناچاریی لە ماڵەکانیاندا هێڵراونەتەوە، قوتابخانەکان هێندە چێژبەخشن، خەندە لەسەر لێوی هەموویان بەدی دەکرێت.
بەپرسی ئەوشارە دەڵێت هەرچەندە نازانێت کە پرۆگرامی لەوشێوازە لە ئۆکراین بوونی هەبێت، لە شاری خارکێڤ نزیکەی هەزار خوێندکار خۆیان بۆ قوتابخانە ژێرزەمینییەکان ناونوس کردووە. ئەمەش کەمترە لە لەسەدا یەکی کۆی ئەو 112 هەزار خوێندکارەی لەشارەکەدا پێشتر بوونیان هەبووە. ئەمەش لەکاتێکدایە بەگوێرەی راپرسییەک لەسەدا 20ی دایبابانی ئەوشارە پێیان باشبووە منداڵەکانیان لە پۆلەکاندا وانەکان بخوێنن.
بەگوێرەی داتاکانی رێکخراوی یونسێفی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە زیاتر لە هەزار و 500 قوتابخانە لە ئۆکراین داڕوخاون. ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنێکی بەرچاو لە پرۆسەی فێربوون لەو وڵاتەدا.