زووم،ئاژانسەکان
بەریتانییەکان قەڵەوترینى ئەوروپان، ئەوان لە هەرسێ کەسێک یەکێکیان قەڵەون، بەڵام دوو رۆژە هیوایەک هەیە بۆ رزگاربوونیان لە قەڵەوى، ئەوەش لە رێگەى چارەسەرى پزیشکییەوە.
رۆژى دووشەممە، کاریگەرترین دەرمانی دابەزاندنی کێش لە کەرتی تەندروستی بەریتانیا و لە بازاڕە تایبەتییەکانی وڵاتەکەدا کەوتەبەردەست، چارەسەرەکە ناوی وێگۆڤیییە و لە شێوەی دەرزیدا بەوکەسانە دەدرێت، کە کێشیان زیادە.
دەرزییەکە لەشێوەی قەڵەمێکدایە و پێشتر ئامادەکراوە، هەفتەی جارێک دەدرێت لە پێست، ئیدى ئیشتیهای خواردن کەمدەکاتەوە بەشێوەیەک کەسەکە هەست بە تێریی بکات.
کاریگەرى ئەم دەرزییە بە ‘موعجیزە’ وەسف دەکرێت، بۆیە سەرمایەدار و کەسە بەناوبانگەکانى جیهان بەکاری دەهێنن، یەكێک لەوانەش ئێلۆن مەسکی خاوەنی کۆمپانیای سپەیس ئێکسە، کە بەکارى دەهێنێت.
دەرزییەکە سەرەڕای ئەوەى کێش دادەبەزێنێت، مانگی رابردوو لە لێکۆڵینەوەیەکی تازەدا دەرکەوت، کە کاریگەری هەیە لەسەر کەمکردنەوەی جەڵتەی مێشک و جەڵتەى دڵ.
نرخی دەرزییەکە بۆ ژەمەکانی یەک مانگ لە بازاڕەکاندا لەنێوان 250 بۆ 380 دۆلاردایە، بەڵام وەزارەتى تەندروستى بەریتانیا هۆشدارى دەدات، کە بەبێ رەچەتەى پزیشکى بەکارنەهێندرێت و لە بازاڕە ئۆنلاینەکاندا نەفرۆشرێت.
نیگەرانی لەبارەى دەرزییەکە هەیە، کە چارەسەرێکى هەمیشەیی نییە، رەنگە کەسەکە کاتێک واز لە بەکارهێنانى دەهێنێت ئەگەر خۆى نەپارێزێت وەک پێشووتر کێشى زیاد بکاتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا دەرزییەکە هێندە خواستی لەسەرە، کۆمپانیای بەرهەمهێن کە ناوی نۆڤۆ نۆردیسکە و کۆمپانیاییەکی دانیمارکییە، دەڵێت ئێستا 50 هەزار کەس لەسەر وێبسایتەکەیان خۆیان تۆمارکردووە و لە جیهاندا توشی کورتهێنانێکی زۆر بوونەتەوە و کۆمپانیاکە رایگەیاندووە لە هەوڵدایە رێژەی بەرهەمهێنانی دەرزییەکە زیاتر بکات.
زۆری خواست لەسەر دەرزییەکە، بەهای کۆمپانیاکەی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکردووەتەوە و لە بازاڕەکانی جیهاندا بەهاکەی بە 428 ملیار دۆلار خەمڵێنرا.
بەگوێرەى رێنماییە تەندروستییەکانی وەزارەتی تەندروستی بەریتانیا، نەخۆشانی وڵاتەکەی دەتوانن تەنها دەرزی وێگۆڤی بەکاربهێنن، کە مادەی سێماگلوتایدی تێدایە کە یارمەتی کۆنترۆڵکردنی کێشی جەستە دەدات، بەتایبەتی ئەگەر کەسەکە کێشی زۆربێت و کێشەی تەندروستی کێش زۆریی هەبێت.