کۆمپانیای ئاپڵ بە یاساکەى یەکێتی ئەوروپا رازی دەبێت و کێبڵی بارگاویکردن (شەحنکردنەوە) دەکات بە تایپ سی.
بڕیارە هەفتەیەکى دیکە کۆمپانیاى ئەپڵ ئایفۆن 15 بخاتە بازاڕەوە، میدیا جیهانییەکان باس لەوە دەکەن کێبڵى بارگاویکەری تایپ سی جێگیرکردووە و چیدیکە کۆمپانیاکە مۆبایل و بەرهەمەکانی دیکەی بە بارگاویکەری تایبەت بەخۆی بەرهەمناهێنێت.
بەگوێرەی یاسایەکی یەکێتی ئەوروپا، دەبێت تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024 سەرجەم کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی مۆبایل یەک جۆر شوێنی بارگاویکردنەوەیان هەبێت، ئەمەش هەنگاوێکە بۆ ئەوەی پارە بەفیڕۆ نەدرێت لە کڕینی کێبڵی بارگاویکردنەوەی جیاوازدا و پاشماوەی کێبڵی جیاواز نەخرێتە ژینگەوە، کە ساڵانە بە 11 هەزار تۆن مەزەندە دەکرێت.
لە سەرەتادا کۆمپانیای ئاپڵ لە دژی بڕیارەکە وەستابووەوە و رایگەیاندبوو بڕیارەکە دەبێتە بەربەست لەبەردەم داهێنانە تەکنەلۆژییەکان، بەڵام ئێستا بە ناچاریی رازیبووە و هەفتەیەکی دیکە بەرهەمە تازەکانى بەو جۆرە شوێنی بارگاویکردنەوە نمایشدەکات، بەمەش ئایفۆن 14 دەبێتە کۆتا مۆبایل کە بارگاویکەرەوەی تایبەت بە ئاپڵی تێدا جێگیرکرابێت.
بەگوێرەی یاساکەی یەکێتی ئەوروپا هەریەک لە ئامێرەکانی مۆبایل، تابلێت، مایک، کیبۆرد، ئامێری جی پی ئێس، هێدفۆن، کامێرای دیجیتاڵی، ئامێری یاریکردنی دەستیی و مکەبەرە دەبێت سەرجەمیان بارگاویکەرەوەیان لە جۆری تایپ سی بێت، بێ گوێدانە ئەوەی چ کۆمپانیایەک بەرهەمی هێناوە.