بەهۆی زریانێکی بەهێزەوە بەناوی تایفون زیاتر لە 40 کەس لە تایوان برینداربوون و هەزاران کەسیش ئاوارەبوون، زریانەکە لەو دورگەیە هێندە بەهێزە دار لە ڕەگەوە هەڵدەکەنێت.
زریانەکە لە سەرەتادا لە نێو دەریاوە هەڵیکردووە و دوێنی یەکشەممە گەیشتووەتە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە، ئەمەش دەبێتە یەکەم زریان کە راستەوخۆ بەرەو دورگەی تایوان هەڵبکات لەماوەی چوارساڵی رابردوودا.
زریان کە هەڵدەکات باو بارانێکی زۆر و بەخوڕ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، هەربۆیە زۆربەی ئەوکەسانەی لە زریانەکەی تایواندا زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی کەوتنەخوارەوە و بەرکەوتنی کەلوپەلی بابردوو بووە.
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممەدا، تیمەکانی ئەو وڵاتە خەریکی چاککردنی کارەبان کە بەهۆی زریانەکەوە زیاتر لە 160 هەزار ماڵ خامۆش بوون.
بەهۆی ئەوەی خێرایی با لە هەندێک ناوچەدا گەیشووەتە 200 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، گەشتە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە راگیراون.
بەهۆی مەترسیەکانی داڕمانی زەوی و خانوو و ماڵەکانیان، بەر لە هاتنی زریانەکە 7000 کەس لە هەندێک ناوچە راگوێزران. ئیستا زریانەکە لە دورگەکە بەرەو لاوازبوون دەچێت و پێشبینی دەکرێت بەرەو وڵاتی چین بڕوات و بەهۆیەوە هۆشداری و باری لەناکاو لە باشوری وڵاتەکە راگەیەندراوە و داوا لە بەلەمەکان کراوە دەریا جێبهێلن و بگەڕێنەوە.