زووم:
گۆڤاری فۆریسی ئەمریکی ئاشکرایکرد پێدانی فڕۆکەی پێشکەوتووی یاک 130ی روسی بە ئێران دەکرێت ئاماژەیەک بێت بۆئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو وڵاتە فڕۆکەی شەڕکەری سۆخۆی 35ی روسیش بەدەستبهێنێت.
دوێنێ میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە هێزی ئاسمانیی ئێرانی ژمارەیەک فڕۆکەی راهێنانی پێشکەوتووی لە روسیاوە پێگەیشتووە بۆ مەشقکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی توانستی هێزی دەریایی.
لە چەند کاتژمێری رابردووشدا چەند وێنەیەکی فڕۆکەی راهێنانی یاک 130 روسی لە میدیاکانی ئێران بڵاوکرانەوە، بەڵام فەرزین نەدیمی، شیکەرەوەی ئاسایش و بەرگری لە پەیمانگای واشنتن پۆستی ئەمریکی بە بی بی سی گوتووە، هەرچەندە هێشتا بابەتەکە بە فەرمی پشتڕاستکراوەتەوە، بەڵام ئەگەر وابێت، دەتوانین بڵێین مۆسکۆ و تاران گەیشتوونەتە رێککەوتن و هەنگاوی یەکەمە بۆ وەرگرتنی فڕۆکەی شەڕکەری نەوەی چوارەمی روسی و کە سۆخۆی 35ـە”.
پێشتر ئاژانسی هەواڵیی تەسنیم کە نزیکە لە سوپای پاسداران راپۆرتی دا لەوەی چەند فڕۆکەیەکی یاک 130 گەیشتووەتە وڵات و گواستراونەتەوە بۆ بنکەی ئاسمانیی شەهید بابایی لە ئەسفەهان.
ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ناو سوپای ئێرانەوە نوسیبووی، کڕینی فڕۆکەی یاک 130 بەشێکە لە گرێبەستەکانی پڕچەککردن لەنێوان ئێران و روسیا.
پێشتر بەرپرسانی ئێرانی رایانگەیاند کە گرێبەستی کڕینی فڕۆکەی شەڕکەری سۆخۆی 35ی روسی ئیمزاکراوە و بەمزوانە دەگەنە ئێران، بەپێی زانیارییەکانی گۆڤاری فۆربس، بڕیار بوو ئێران 24 فڕۆکەی سۆخۆی 35 وەربگرێت کە روسیا بۆ میسری دروستکردبوو، بەڵام وادیارە جەنگی ئۆکراین پرۆسەکەی دواخستووە.
بەڵام فۆربس پێیوایە بەپێی ئاماژەکانی چەند هەفتەی رابردوو، وادیارە مۆسکۆ پاشگەزبووەتەوە لە رێککەوتنەکەی لەگەڵ ئێران، هەرچەندە بەرپرسانی هەردوو وڵات ئەو زانیارییانەیان رەتکردووەتەوە.
فڕۆکەی جەنگی سۆخۆی 35 فڕۆکەیەکی جەنگی فرە رۆڵە و پێشکەوتووترینی روسیایە، ساڵی 2014 ناسێنرا.
هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان مۆسکۆ و تاران بەمدواییە فراوانتر بوو و لەئێستادا گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ئاشکرایکرد کە ئێران 400 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە روسیا فرۆشتووە و بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ئۆکراین بەکارهاتوون.
ئێرانیش دەیەوێت هێلیکۆپتەری هێرشبەر و ڕادار و فڕۆکەی یاک 130ی روسی بکڕێت، چونکە لەئێستادا ئێران زیاتر فڕۆکەی میگ و سۆخۆی هەیە کە لە سەردەمی شادا ئێران لە یەکێتی سۆڤیەتی کڕیوە.