زووم:
ئەمە ساتی دووبارەکۆنتڕۆڵکردنەوەی شارۆچکەی بەسیرەیە لە رۆژهەڵاتی دەیرزوور لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات دوای ئەوەی لەلایەن چەکداری هۆزە عەرەبەکانی ناوچەکە کۆنتڕۆڵکرا، ئێوارەی دوێنێ بەبێ شەڕ رادەستکرایەوە.
ماوەی هەفتەیەکە چەکدارانی هۆزە عەرەبەکان چەکیان دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەڵگرت و شەڕ و ئاڵۆزی توند روویدا، چەند گوند و شارۆچکەیەکیان کۆنتڕۆڵکرد، نزیکەی 50 کوژرا و 45 برینداری لێکەوتەوە، لەئێستادا دۆخەکە تەواو ئارامبووەتەوە و هێزەکانی سوریای دیموکرات دەچنەوە ئەو ناوچانە، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ گوتی، لەدوای شارۆچکەی بەسیرە، ئەمڕۆ هەسەدە شارۆچکەی شحێلی بەبێ شەڕکردن وەرگرتووەتەوە و چەکدارانی هۆزە عەرەبەکان کشاونەتەوە.
دۆخەکە هێندە ئاڵۆز بوو، پێویستی بە دەستێوەردانی ئەمریکا کرد، ئەمڕۆ ئیتان گۆڵدریچ، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جەنەڕاڵ فۆیل، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی ئۆپراسیۆنی هێزی ئەرکی هاوبەشی هاوپەیمانان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات و سەرۆک هۆزەکانی دەیرزوو کۆبوونەوە و رێککەوتن لەسەر وەستاندنی شەڕ و ئاڵۆزییەکان، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوی باڵێۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق.
بەپێی راگەیەنراوەکە، هەمووان رێککەوتوون لەسەر چارەسەرکردنی “کێشە و نەهامەتییەکانی ناوچەکە و دوورخستنەوەی دەستێوەردانی دەرەکی و دوورکەوتنەوە لە توندوتیژییەکان بەزووترین کات.”
هەروەها گۆڵدریچ و فۆیل جەختیان لە گرنگی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و هەسەدە کردووەتەوە.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ جەختدەکاتەوە کە ئارامییەکی بەرچاو باڵی بەسەر ناوچەکاندا کێشاوە و ئامادەکاری دەکرێت بۆ گەڕانەوە و کردنەوەی تەواوی فەرمانگە و دەزگا خزمەتگوزارییەکان.
بەڵام دۆخەکە هێشتا لێڵە و پێویستە روونتر بێتەوە، ئاخۆ هێوربوونەوەکە بۆ سازکردنی زەمینەی دانوستانی زیاتر و خستنەرووی داواکارییە یاخود هۆزە عەرەبەکان بە ئامانجی خۆیان گەیشتوون و ئەوەی ویستوویانە بەدەستیان هێناوە،
ئەوە نۆرس پرێس کە میدیای نزیک لە خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوایە لە راپۆرتێکی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا دەڵێت، سەرکردە روسییەکان و عەڕابە ئێرانییەکان لە گەڵ عەشایەرەکان کۆدەبنەوە بۆ “چەکدارکردنیان” دژ بە “هەسەدە” و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
نۆرس پرێس لە چەند سەرچاوەیەکی جیاوازەوە دەڵێت، جەنەڕاڵ ئیگۆر سمۆلی، جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی روسیا لە سوریا و جەنەڕاڵ ئەندرێی، سەرۆکی ناوەندی ئاشتەوایی لە دەیرزوو هەروەها عەڕابی ناونوسکردنی بۆ نێو ریزەکانی هێزەکانی ئێران، نەواف ئەلبەشیر، لەگەڵ کەسایەتییە دیارەکانی هۆزەکان لە دێرەزوور کۆبووەوە بۆ “چەکدارکردنیان” لە دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و داوا له ئامادەبووان کراوە کەسوکار و شوینکەوتوانیان له گوندەواری رۆژهه ڵاتی دەیرزوو ئاڕاستەبکەن.