زووم:
روسیا گەورەترین موشەکى کیشوەربڕی ئەتۆمی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، موشەکێکە پوتین دەڵێت، هەرگیز نابەزێت.
یوری بۆریسۆڤی سەرۆکی ئاژانسی ئاسمانیی روسی رایگەیاند، موشەکی سارمات خراونەتە حاڵەتی ئەرکی جەنگییەوە، کە بە یەکێک لە گەورەترین و بەهێزترین موشەکی کیشوەربڕی مۆسکۆ دادەنرێت و توانای هەڵگرتنی چەکی ئەتۆمی هەیە.
ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا دەڵێت، دەبێت دوژمنانی روسیا دووجاربیربکەنەوە لە مەترسییەکانی موشەکەکە.
بەگوێرەى ئاژانسى تاسی روسیی، موشەکەکە توانای هەڵگرتنی 15 موشەکی دیکەی ئەتۆمی هەیە، کە کێشی هەریەکەیان 10 تۆنە و دەتوانێت هەر ئامانجێکی سەر زەوی لە جەمسەری باشور و باکوریدا بپێکێت.
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریکا رایگەیاند، ناتوانێت ئەوە پشتڕاستبکاتەوە، کە روسیا موشەکەکەی خستبێتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
موشەکی سارمات لەلایەن ناتۆ و وڵاتانی رۆژئاواوە، بەهۆی ئەو وێرانکارییە زۆرەی کە لەگەڵ بەکارهێنانیدا بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بە ‘شەیتان’ ناسراوە، وەک ئاماژەیەک بۆ خراپەکاریی.
موشەکەکە کێشی 200 تۆنە و لەژێر زەویدا دادەنرێت، بۆ ئەوەی لە هێرشە دەرەکییەکان پارێزراوبێت و هەر لەژێر زەویشەوە هەڵدەدرێت. ماوەی هەڵدانیشی هێندە خێرایە هیچ کاتێک بۆ سیستەمەکانی چاودێری ناهێڵێتەوە بۆئەوەی بەدیبکەن.
خێرایی موشەکەکە 18 هەزار کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا، کە لەساڵی 2018 بۆیەکەمجار نمایشکرا. نیسانى ساڵی رابردوو روسیا یەک موشەکى لێ تاقیکردەوە، کە لە دوری 800 کیلۆمەتر لە باکوری مۆسکۆوە بۆ رۆژهەڵاتی وڵاتەکە هەڵیدا.
رێبێکا فۆفلەر، ئەفسەری پێشووی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی گوتووە، هەڕەشەکانی مۆسکۆ بۆ ترساندنی رۆژئاوایە کە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە دژی ئۆکراین بژاردەیەکی کراوەی روسیایە.
ئەو دەڵێت، روسیا هەرگیز بە چەکی ئەتۆمی هێرش ناکاتە سەر خاکی ئەمریکا، مەگەر واشنتن دەستپێشخەریی بکات. بەڵکو ئامادەکردنی ئەو موشەکە تەنها بۆ ئەوەیە وڵاتەکەی خۆی لە مەترسییەکان بپارێزێت. هەربۆیە پێیوایە هەڕەشەکانی مۆسکۆ لە ئێستادا ئاراستەی بەریتانیان بەوپێیەی پشتیوانێکی بەهێزی ئۆکراینە.