«ئازادى چیە؟»
ئامادەکردنى: زووم
کتێبى “ئازادى چیە؟”، کتێبێکى چاپکراوى ناوەندى ڕۆشنبیریی ڕەهەندە. کتێبەکە، لەلایەن کەریم مستەفاوە نوسراوە و لە دووتوێى ١٥٠ لاپەڕەدا ساڵى ٢٠٢٣ بڵاوکراوەتەوە. هەروەها سەر بە بابەتى فەلسەفییە و لە زۆر ڕووەوە چەمکى ئازادى شیدەکاتەوە. پێڕستى کتێبەکە لە نزیکەى بیست تەوەرى مەیلەو کورت پێکدێت. بە ڕوونکردنەوەیەکى بچوکى نوسەر دەستپێدەکات و بە ئەنجامگیرییەکى کورتیش کۆتاییدێت. لەڕووى ئاڵۆزییەوە، زمانى کتێبەکە، زمانێکى مامناوەندییە. سەر بەو زنجیرەیەى ناوەندى ڕەهەندیشە کە بۆ گەنجان و نەوجەوانان نوسراوە، بەڵام بۆ ئاستەکانى ترى خوێنەریش گونجاوە و زانیارییەکانى کراوەن.
لەڕووى ئاڵۆزییەوە، زمانى کتێبەکە، زمانێکى مامناوەندییە
نوسەر لە دەسپێکى کارەکەیدا، ئامانجى لە نوسینى کتێبەکە ڕووندەکاتەوە و دەنوسێت «گ لــەم نووســینە کورتــەدا، کــە بــۆ نەوجەوانــان و ئەوانەیــە تــازە دەسـتیان بـە خوێندنـەوەی فەلسـەفە کـردووە، هەوڵمانـداوە پرسـی ئـازادی لـە ڕەهەندگەلـی مێژوویـی، دینی، سیاسـی، هـزری، کولتووری و چەنــد ڕێبازێکــی فەلســەفییەوە تاوتوێبکەیــن. ئامانجــی ئــەم نووســینە (و گشــت نووســینێکی فەلســەفى) ئــەوە نییــە، وەڵامێکــی پوختـی ئـەم پـرس و پرسـیارانە بداتـەوە، تەنهـا هوروژاندنـی باسـەکە و واڵاکردنـی دەلاقەکەیـە بـۆ نەوجەوانـان، تـا لێـوەی بـۆ ئـەو پانتاییـە بەرینانـە بڕوانـن، کـە لـە تاوتوێکردنـی پرسـی ئازادیـدا ئافرێنـدراوە…» ل٨. نوسەر نایەوێت بڵێت بەم کارەم، گەیشتووم بە وەڵامى کۆتایی ئازادى، بۆیە لە سەرتاپاى کارەکەیدا جۆرێک خاکیبوون و دڕدۆنگى جێدەهێڵێت و کتێبەکە پتر گەشتێکى گشتەکییە بەناو چەمکى ئازادییدا. عادەتەن، چەمکە فیکرى و فەلسەفییەکان بە کتێبێک و دووان نابڕێنەوە. ئەوە نەبێت خاوەنى وەڵامەکە یان بیرمەندەکە پێداگرى لەسەر وەڵامەکەى خۆى دەنوێنێت و پێىوایە وەڵامى ئەو یەکێکە لەو وەڵامانەى کە دەبێت لە جێیەکدا قبوڵ بکرێت.
نوسەر ژمارەى بۆ بەشەکان (فەسڵەکان) دانەناوە، چونکە پتر لە تەوەرە-وتار (essay)ێکى درێژدەچێت تا کتێبێکى سیستەماتیک. ئەم شێوازەش لە جیهاندا باوە و مەرج نیە کارەکە هەمیشە لە وتار (article)ێکى ڕێک و ڕێکخراو بچێت. بە دەربڕینێکى تر، جۆرێک ئاوەڵایی و ئازادیی نوسین دەمێنێتەوە کە نوسەرەکە ناچارناکات زۆر ئەکادیمى بێت. لە یەک لەو بەشە سەرەتاییانەى کارەکەیدا، نوسەر بە پرسیارى “ئازادى چیە؟” دەستپێدەکات و دەنوسێت: «واژەی ئــازادی لــە زمانگەلــدا بــە هاوواتــای: ســەربەخۆیی، خۆبڕیـاردان، دیاریکردنـی ئاینـدەی خـۆ، بەرهەڵدایـی libertarian و liberty سەربەســتی دێــت» ل٩. لە هەمان تەوەردا، نمونەى ڕاپرسییەکى ڤیدیۆيی دێنێتەوە کە پرسیارى “ئازادى چیە؟”، ئاراستەى کۆمەڵێک مرۆى کۆنکرێتى کراوە، کۆمەڵێک خەڵکى زیندووى سەرشەقام. وەڵامەکان لە کورتەوە بۆ درێژ و دواییش شاعیرانە دەگرێتەوە. لە تەوەرى “پێناسەى ئازادى”يشدا، بەجۆرێکى تر و لەڕێگەى دوو پرسیارى گرنگەوە ڕووبەڕووى ئازادى دەبێتەوە بۆ ئەوەى چەمکەکە بناسێنێت: ١) ئایا ئازادى هێزە؟ ٢) ئایا ئازادى مافە؟ نوسەر دوو وەڵامى سیاسى بۆ پرسیارەکانى دێنێتەوە و دەنوسێت «مەرج نیە هەمیشە هێز و ماف پێکەوە تەبا بن، یان بگونجێن، وەک ئەم دوو نمونەیە: ١) نەتـەوەی کـورد هێـزی ئـەوەی نییـە خـۆی لـە دەسـت داگیـرکاران ڕزگار بــکات، بــەڵام ئایــا نەتــەوەی کوردیــش وەک نەتــەوە داگیرکارەکانــی، مافــی نییــە ڕزگار بێــت؟ ٢) ولایەتــە یەکگرتوەکانــی ئەمریــکا، هێــزی هەیــە وڵاتــان داگیربــکات و کردویەتــی، بــەڵام ئایــا مافــی ئــەوەی هەیــە؟ دەردەکەوێــت، ناتوانیــن پێناســەیەک لــەم پێناســانە بــۆ ئــازادی، بــە دوا پێناســە دەستنیشــان بکەیــن، چونکــە دەشــێت هێنــدەی ژمــارەی مــرۆڤ، پێناســە بــۆ ئــازادی هەبێــت!» ل١٤ و ١٥. دەشنوسێت: «ئـازادی دۆخێکـە، مـرۆڤ تێیدا لە کـۆتوبەندی سیاسـی، دینی، ڕەوشـتی و هـزری ڕەهابێـت و هیـچ ڕێگرییـەک و سـنوردارکردنێک لـە بـەردەم گوتـار و بڕیـار و (ئیختیـار) هەڵبژاردەکانیدا نەبێت. ل١٥“. واتە ئازادى، دۆخە، دۆخیش هەمیشەیی نیە؛ بۆیە دەکرێت ئازادى هەمیشەیی نەبێت و وەرگەڕێتە سەر پێچەوانەکەى خۆى کە چەندین چەمکى وەک نائازادى، کۆیلەیی، ژێردەستەیی، چەپاندن، جەبر و ناچارى و هتد دەگرێتەوە. نوسەر دەشڵێت، ئازادى ئەوەیە مرۆڤ لە گشت ڕێگرییەکى دەرەکى و ناخەکى ئازاد بێت.
دەکرێت ئازادى هەمیشەیی نەبێت و وەرگەڕێتە سەر پێچەوانەکەى خۆى کە چەندین چەمکى وەک نائازادى، کۆیلەیی، ژێردەستەیی، چەپاندن، جەبر و ناچارى و هتد دەگرێتەوە
لە مێژە، ئازادى بەستراوەتەوە بە چەند مەرجێکەوە. واتە ئازادى، بەتەواوى ئازاد نیە، دۆخێکى بێسنور نیە. بۆیە نوسەر وتەیەکى باوى گۆتە دێنێتەوە: « هەرچییــەک گیانمــان ئــازاد بــکات، بــەڵام جڵــەوی خۆمــان لەدەســت دەرهێنێــت، وێرانکــەرە» ل١٦. واتە ئازادى، هاوشانە بەوەى مرۆڤ بەردەوام چاودێر بێت بەسەر ئازادییەکەى خۆیەوە نەبادا سنورى ئەوانیتر ببەزێنێت. تەوەرەکانى دواتر بە نۆرە، جۆرەکانى ئازادى یان بڵێین دۆخە جیاوازەکانى ئازادى دەژمێرێت، دواییش باسى مێژووى ئازادى دەکات لە شارستانییەتە جیاوازەکاندا بۆ نمونە لە خۆرهەڵاتەوە بۆ خۆرئاوا. تەوەرى دواى ئەوە، ئاوڕدانەوەیە لە چەمکى ئازادى لە هەرسێ ڕوانگەى دین و سیاسەت و فەلسەفەوە: لە ئازادیی دینییدا، باسى ڕێساکانى ئاشوکا دەکات لە شانشینى مائوریاى هندى لەپێش زاییندا. دواییش دێتە سەر باسى دینە ئیبراهییمییەکان. لە ئازادیی سیاسییدا، دێتە سەر چەند پەیماننامە و جاڕنامەیەکى جیهانى. لە ئازادیی فەلسەفییشدا، باسەکە دەبەستێت بە پرسەکانى وەک ویست، ئیختیار، و هتدەوە. دوو جۆر ئازادیی ناسراویش بیردەخاتەوە: ١) ئازادیی نەرێنى (نێگەتیڤ)، و ٢) ئازادیی ئەرێنى (پۆزەتیڤ). ئایزایا بەرلینى بیرمەندى ئینگڵیز، یەکەمیان وا پێناسەدەکات “ئازادییە لە شتێک”، دووەمیشیان “ئازادییە بۆ شتێک”. واتە لە یەکەمیاندا، مرۆڤ دبەێت خۆى لە کۆسپەکانى بەردەم ئازادى ڕزگاربکات، لە دووەمیشیاندا، دەستدەکات بە بنیاتنانى ئازادییەکەى خۆى و ئەزموونکردنى لە بوارە جیاجیاکاندا. هەر لە بن ئەم باسەدا، تەوەرى ئەنارکیزم (ئەنارشیزم)ش جێى دەبێتەوە کە ئەنارشیزم بە واتاى ئازادییەکى خراپ نایەت، بەڵکو ئازادییەکە لە ئەنجامى نەمانى دەوڵەتەوە درووستدەبێت (فەلسەفەى مارکسیزم بوردى لەسەر ئەم خاڵە دەوەستێت).
چەند تەوەرى دواتر و کۆتایی کتێبەکە، لەسەر ئازادى دەوەستێت لە ڕێبازە فەلسەفییە جیاجیاکاندا؛ ئیدى لە فەلسەفەى یۆنانییەوە تا چینى و ئیسلامی و ئێرانى. شیکردنەوەکان، کورت و ڕاگوزەرن. سودى ئەم چەند تەوەرە بۆ خوێنەر ئەوەیە کە چەمکەکە لە سیاقێکى کۆنکرێتى (بەرجەستە و واقیعى)دا شیدەکاتەوە. چونکە ئازادى وەک هەر چەمکێکى ترى فەلسەفى، سەرەتا چەمکێکى پەتى و ئەبستراکتە. دواتر دەچێتە ناو کۆمەڵگا و مێژووەوە و دەبێتە چەمکێکى کۆنکرێتى و کارپێکراو. ئێمە لە کەلتورى خۆماندا پێویستمان بەوەیە سەرەتا چەمکەکە بەشێوەى ئەبستراکت بناسین، مشتومڕى لەسەر بکەین، پاشان لە ژیانە ڕۆژانەیی و واقیعییەکەماندا تێى بگەین و بزانین چەندە دەتوانین پیادەى بکەین و ئەگەر ناشتوانین ڕێگرییەکان چین.
ئێمە لە کەلتورى خۆماندا پێویستمان بەوەیە سەرەتا چەمکەکە بەشێوەى ئەبستراکت بناسین، مشتومڕى لەسەر بکەین، پاشان لە ژیانە ڕۆژانەیی و واقیعییەکەماندا تێى بگەین
تەوەرى دیتەرمینیزم (جەبرگەرایی)، کۆتا تەوەرى گرنگ و فەلسەفیی کتێبەکەیە. دیتەرمینیزم، واتە هێزێکى تر شتەکان دیاریدەکەن، ژیان ناچارە بەپێى کۆمەڵێک ڕێساى دیاریکراو بڕواتەڕێوە. ئەم هێزە ناچارکەرە، گەر لە دیندا خودا بێت ئەوا لە جینات و سێکسە لە زانستدا و کەلتورە لە جڤاکناسییدا و میتافیزیکى فەلسەفییشە لە فەلسەفەدا کە دەشێت چەمکێک ئەو ڕۆڵە بگێڕێت (ل١٠٣). لەم تەوەرەوە ئەوە هەڵدەگۆزین کە ئازادى، چەمکێکى بێگەرد نیە، دەشێت جەبرێک و ناچارییەک دەورى بدات. بە مانایەکى تر مرۆڤەکان، هەمیشە لەژێر کۆمةڵێک سنوردا ئازادن؛ بەو مەرجەى ئەم سنورانە ڕێ لە گەشە و بزووتنى ژیانى مرۆڤ نەگرن.
ئازادى، چەمکێک و پرسێکى هێند ئاڵۆز و گرنگە، پێویستى بە ژمارەیەکى زۆر کتێب و لێکۆڵینەوە و مشتومڕە. ئەم کتێبە بچوکە، هەوڵێکە بەو ئاراستەیەدا. دواى خوێندنەوەى ئەم جۆرە کارانە، ئەگەرى هەیە خوێنەر پرسیارى زیاترى بۆ درووست ببێت و بەدواى سەرچاوەى تردا بڕوات. یانژى، وردتر لە ژیانى خۆى بڕوانێت و بپرسێت: من چەندە ئازادم و گەر نیم هۆکار چیە؟