مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامى جەعفەر شێخ مستەفا، جێگرى سەرۆکى هەرێمى کوردستانى دایەوە و دەڵێت، قسەکانى بۆ خۆشیرینكردنەوە و خۆدەرهێنانێتى لەو پەراوێزخستنەی تووشی بووە.
جەعفەر شێخ مستەفا دوێنێ لە چاوپێکەوتێنێکیدا لەگەڵ میدیاى یەکێتى گوتى “بەشێک لە ئەندامانى مەکتەبی سیاسی پارتى وەکو من لەم حکومڕانییە ناڕازین” و یەکێتى گەیشتووەتە حاڵەتێک دەبێت بڵێت ستۆپ.
مەکتەبی سیاسی پارتى لە رونکردنەوەیەکدا دەڵێت، ئەو قسانەى جەعفەر شێخ مستەفا بۆ میدیاى حزبەکەى کردوویەتى، تەبا نین لەگەڵ رەئی و بۆچوونەكانی ئەم چەند ساڵەی دوایی خۆی.
دەشڵێت، پشتگوێخستنی رێككەوتنەكان و قبوڵنەكردنی ئاكامی هەڵبژاردنەكانە، خەڵك بێئومێد بووە، چونكە “یەكێتی باكی بە ئاییندەی ئەم هەرێمە نییە” كێشە و گرفتە ناوخۆییەكانی ناوخۆی حزبەكەیان پێ چارەسەر ناكرێت، دەپرسین ئەی چۆن دەتوانن كێشەكانی كوردستان چارە بكەن؟
ئێمە لە كاك جەعفەر و هەڤاڵەكانی تێدەگەین كە دەیانەوێت سەرنجی ئەندام و كادیرانی حزبەكەیان لەسەر كێشە ناوخۆییەكان لابدەن، بە دروستكردنی ئاڵۆزی لە پڕۆسەی سیاسیی كوردستاندا.
خەڵك بێئومێد بووە، چونكە حزبەكەی كاك جەعفەر لە ترسی دۆڕاندنی هەڵبژاردنەكان كێشەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دروست كردووە، بەم هۆیەوە هەڵبژاردن دواكەوت.
مەکتەبی سیاسی پارتى دەڵێت، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی پارتی “زۆر لەوە گەورەتر و بەئیلتیزامیترن” كە بچنە لای كەسی دیكە گلەیی بكەن، یان باسی پارتەكەیان بكەن.
مەکتەبی سیاسی پارتى دەڵێت، ئایا خەڵكی كوردستان ئەمە قبوڵ دەكەن، بە رۆژی رووناك و لەبەرچاوی هەمووان هاوڵاتی ئەم هەرێمە “تیرۆر” بكرێ و حكومەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەكان و دادگا چاوپۆشی بكەن؟ ئایا جەماوەری خۆڕاگری سلێمانی ئەو “خۆسەپاندن و بێسەروبەریەی” لە حكومڕانیی ئەو دەڤەرەدا هەیە، قبوڵ دەكەن؟
دەپرسین “تۆ و هەندێك لە هەڤاڵەكانت بۆ ئەوەندە لە داواكردنی دادگا بۆ تەسلیمكردنی چەند كەسێك كە داواكراون بۆ لێكۆڵینەوە لە بابەتی تیرۆری هاوڵاتییەكی ئەم هەرێمە تەنگاو بوون” و لە هەموو ئاستەكاندا دەستتان كردووە بە “هێرش و تێكدانی” بارودۆخەكە؟