«فەلسەفە چیە؟»
ئامادەکردنى: زووم
“فەلسەفە چیە؟”، ناوى کتێبێکى چاپکراوى ناوەندى ڕۆشنبیریی ڕەهەندە. کتێبەکە لەلایەن کەریم مستەفاوە ئامادەکراوە و نوسراوە. لە دووتوێى ١٩٨ لاپەڕەدا، لە ساڵى ٢٠٢٣ بڵاوکراوەتەوە. بە ناونیشانەکەیدا ئاشکرایە کە سەر بە بابەتى فەلسەفییە و بۆ گەنجان و خوێنەرانى سەرەتایی فەلسەفە ئامادەکراوە. پێڕستەکە لە نزیکەى سى تەوەرى کورت پێکدێت و هەر تەوەرێک تەرخانە بۆ پرسێکى فەلسەفى، یان چەمکێک، یاخۆ لقێکى فەلسەفە. شیاوى باسە، ناوەندى ڕەهەند چەند کارێکى لەم جۆرەى وەک دەسپێکى خوێندنەوەى فەلسەفە چاپکردووە. لە زنجیرە ڕانانەکانى بەشى کەلتور لە “زووم نیوز”، دووان لەم کارانە بەسەر دەکەینەوە. دواتر هەر لەم زنجیرەیەدا، کارى ترى بیانى دەناسێنین کە سودبەخشن بۆ نەوجەوانان و خوێنەرانى بەرایی فیکر و فەلسەفە.
پێڕستەکە لە نزیکەى سى تەوەرى کورت پێکدێت و هەر تەوەرێک تەرخانە بۆ پرسێکى فەلسەفى، یان چەمکێک، یاخۆ لقێکى فەلسەفە
نوسەرى کتێبەکە، پێشەکییەکى کورتى بۆ کتێبەکە نوسیوە و دەربارەى ئامانجى کتێبەکە دەنوسێت « ئەم کتێبە بڕێک زانیاری سەرەتاییە دەربارەی فەلسەفە، بۆ نەوجەوانان، لاوان و ئەو کەسانەی خوازیارن بزانن فەلسەفە چییە؟ و دەیانەوێت لەو بوارەدا بڕە زانیارییەک بەدەستبهێنن. ئەوەی تێبینی دەکرێت لەم کتێبەدا فرە سەرچاوە بەکارهێنراوە، مەبەست لەم کارە ئەوەیە بۆ خوێنەر ڕوونبێت، کە لەم سەردەمەدا سەرچاوەگەلی فەلسەفی فرەن و دەستپێگەیشتنیان سەخت نییە» ل٨. هەروەها نوسەر، وەک پێشزەمینەیەک بۆ ناو کتێبەکەى خۆى، دەنوسێت: «فەلسەفە چییە؟ پرسیارێکی سادەیە، بەڵام وەڵامدانەوەی ئاسان نییە! چونکە پرسیارێکە دەربارەی بابەتێک، کە نزیکەی سێ هەزار ساڵە ئەندێشە و هزری مرۆڤی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە» ل٧. دواتر نوسەر دەچێتە ناو بەشى یەکەمى کتێبەکەیەوە و لەوە ورددەبێتەوە ئاخۆ هەموو پرسیارێک دەتوانێت فەلسەفى بێت؟ ئەو دوو جۆر هەڵبژاردن جیادەکاتەوە لە ژیانى ڕۆژانەى مرۆڤدا. یەکیان فەلسەفى-ڕەوشتى. ئەویتریشیان، نافەلسەفى-ناڕەوشتى. یەکەمیان، شتە زۆر ئاساییەکانى ژیانى ڕۆژانەمانن و ڕاستەوخۆ کرۆکێکى فەلسەفییان نیە. وەک هەڵبژردنى جلوبەرگ. لەم جۆرە هەڵبژاردنەدا، مرۆڤ ناکەوێتە بەردەم پرسیارى ڕەوشتى (ئاکارى)، و تەنگژەى هزریی بۆ درووست نابێت. دووەمیشیان، ڕەهەندێکى فەلسەفییان هەیە و مرۆڤ دەخەنە بەردەم بەرپرسیارى ئاکارى. بۆ نمونە، چ شتێک لەپشت یارمەتیدانى کەسانى ترەوە نوستووە؟ هۆکارى پشت چاکە چیە؟ درۆکردن لە کام سیاقدا ڕەوایە و لە کوێى تردا ناڕەوا؟ ئەم پرسیارانەش لە بنچینەدا دەچنەوە سەر عەقڵ کە بزوێنەرى فەلسەفەیە. عەقڵ، ئەو بزوێنەرە زاتییەیە لە مرۆڤدا کە لە بوون و جیهان و دیاردەکانى ناوى دەکۆڵێتەوە. هەم لە دیاردەى سرووشتى و هەم لە دیاردەى کۆمەڵایەتییش. عەقڵ، خۆى چەندین میتۆد بۆ ئەم لێکۆڵینەوانە دیاریدەکات. فەلسەفە، چەندین میتۆدى جیاجیا پەیڕەودەکات، کە لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکى تر و لاى فەیلەسوفێکەوە بۆ فەیلەسوفێکى تر جیاوازە. میتۆد بەسادەیی واتە ئەو ڕێکار و پەیڕەوەى کە پێى دەگەین بە زانین و حەقیقەتى جیهان و بوون یان حەقیقەتى دیاردەیەکى جڤاتى و کۆمەڵایەتى.
نوسەر لەو بەشەدا کە تەرخانیکردووە بۆ “بابەتگەلى فەلسەفى”، فەلسەفە لە دین و زانست جیادەکاتەوە. ئەو، پشتبەستوو بە بێرتراند ڕاسێل، فەیلەسوفى ئینگڵیز دەڵێت: «فەلسەفە، نە دینە و نە زانست…فەلسەفە پانتاییەکى بێسنورە لەنێوان دین و زانستدا، بەڵام چ دین و چ زانست هەمیشە بەناڕەوایی پەلاماریدەدەن» (ل١٦). فەلسەفە دەتوانێت لە دین و زانستیش بکۆڵێتەوە و سرووشتى پرسیار و وەڵامەکانیان دیاریبکات. هەروەها سێ بابەتى سەرەکى دیاریدەکات کە فەلسەفە لێیان دەکۆڵێتەوە و بابەتى تەواو تایبەتن بە فیکرى فەلسەفى. ئەوانیش «پەیوەندیی جیهان-داکەوت (واقیع)، پەیوەندیی مرۆڤ و مرۆڤ، پەیوەندیی مرۆڤ و جیهان»ن. فەلسەفە دەیەوێت لە جەوهەر و کرۆکى ئەو بابەتانەى خۆى تێبگات کە دوو تا سێ هەزار ساڵە، چەندین وەڵامى جیاواز و ڕاى جیاوازى لەبارەوە بەرهەمهێناون. ئەم سێ بابەتە، سێ ناوى تایبەتیشیان هەیە لە فەلسەفەدا، یان بڵێین سێ لق و کایەى سەرەکیین لە مێژووى فەلسەفەدا: مێتافیزیک، ئۆنتۆلۆژیا، ئەپیستمۆلۆژیا. یەکەمیان لە سرووشت و کرۆکى بوون دەکۆڵێتەوە، واتە لە ڕووبەرى فیزیک و شتە بینراوەکان دەردەچێت، و کۆمەڵێک ڕێساى نەبینراو لە عەقڵدا دەدۆزێتەوە بۆ خوێندنەوەى بوون و جیهان و واقیعەکەى. میتافیزیک، وەک لاى زۆرینە باوە، بەسادەیی بە واتاى دین و غەیب نایەت، بەڵکو هەر لە سەرەتاى مێژووى فەلسەفەوە هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەى کۆمەڵێک ڕێساى ناو عەقڵ خۆى بۆ ئەوەى بوون و جیهانى پێ بخوێنێتەوە. ئۆنتۆلۆژیاش واتە بوونناسى، ئاخۆ بوون چیە و بوونەوەرانى ناو بوون کێن و چۆنن و پەیوەندیی نێوانیان چیە. ئەپیستمۆلۆژیاش، واتە زانینناسى یان تیۆر لەبارەى زانینەوە. بەپێى ئەم لقەى فەلسەفە، فەلسەفە دەپرسێت: عەقڵ تا کوێ شت دەزانێت؟ لەکوێدا زانین دەوەستێت؟ ئەزموون لەکوێدا دەستپێدەکات؟ و هتد.
میتافیزیک، وەک لاى زۆرینە باوە، بەسادەیی بە واتاى دین و غەیب نایەت، بەڵکو هەر لە سەرەتاى مێژووى فەلسەفەوە هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەى کۆمەڵێک ڕێساى ناو عەقڵ خۆى بۆ ئەوەى بوون و جیهانى پێ بخوێنێتەوە.
پاشان نوسەر لە درێژەى کتێبەکەى خۆیدا، پێناسەى فەلسەفە لاى فەیلەسوفان و ڕێبازە فەلسەفییە جیاجیاکان وەردەگرێت. ئاشکرایە کۆنترین پێناسەى فەلسەفە بریتییە لە «خۆشویستنى زانین». کەچى لە فەلسەفەى مۆدێرن و بۆ نمونە لاى هیگڵ، پێناسەى فەلسەفە دەبێت بە «ناسینى ڕۆحى ڕەها»، واتە فەلسەفە چیتر خۆشویستنێکى شەخسى و سادە نیە بۆ زانین، بەڵکو بەئاگاهاتنەوەى جیهانە بەرامبەر بە خۆى، یاساکانى خۆى، ئامانجى خۆى. سەبارەت بە وشەى “فەیلەسوف”یش، نوسەر بڕێک لەسەر وشەکە دەوەستێت. دیارە وشەکە یۆنانییە و بە واتاى “شەیداى زانین” دێت. بەڵام لەبەر نەبوونى کەلتورى فەلسەفى، لە کەلتورەکانى وەک عەرەبى و فارسى و کوردییدا، وشەى “حەکیم” بەکارهاتووە. نوسەر لە سەرچاوە مۆدێرنەکانیشەوە پێناسەى فەیلەسوف دەخاتەڕوو. بۆ نمونە دەنوسێت: «لە ماڵپەڕی Cambridge Dictionary قاموسی کامبێرج- دا نووسراوە:
“فەیلەسوف کەسێکە لە واتای ژیان دەکۆڵێتەوە، یان دەربارەی دەنووسێت» ل٢٤. چەند بەشى دواتر و یەک لەدواى یەکى کتێبەکە تەرخانە بۆ شرۆڤەى درێژترى لقەکانى فەلسەفە و خوێنەر دەتوانێت خۆى بیانخوێنێتەوە.
دواتر نوسەر بەپێى نەریت (tradition)، فەلسەفە بەسەر فەلسەفەى خۆرئاوایی و فەلسەفەى خۆرهەڵاتی دا دابەشدەکات. هەریەک لەوانەش بەسەر لقى تر و سەردەمى مێژوویی تردا دابەش دەبن. مێژووى فەلسەفە بەگشتى مەبەست لە فەلسەفەى خۆرئاواییە. بەڵام بۆچوونێکیش کە خۆرهەڵات خاوەنى فەلسەفەى خۆیەتى، لە چەشنى فەلسەفەى کۆنى چینى، ژاپۆنى، هندى و ئیسلامى. بەڵام ڕایش لەو بارەیەوە هەیە کە فەلسەفە بە سرووشتى خۆى مەعریفەیەکى خۆرئاواییە و ئەمەى خۆرهەڵات پتر حیکمەتى ئەخلاقییە. یان دەوترێت عەقڵى ناو فەلسەفەى خۆرئاوایی، جیایە لە عەقڵى ناو فەلسەفەى کەلتورەکانى تر. ماکس ڤیبەر لە پێشەکیی کتێبەکەى خۆیدا “ئەخلاقى پرۆتیستانى و ڕۆحى سەرمایەدارى”دا، دەڵێت ئەوەى لە کەلتورى خۆرئاواییدا هەیە، لە کەلتورەکانى تریشدا هەیە، بەڵام هیچیان بەناوەڕۆک ئەوەى خۆرئاوا نین- بۆ نمونە فەلسەفە و زانست و عەقڵ و هونەر و زۆر بوارى تر لە شوێنانى تریش هەن، بەڵام ئەوەى مۆرکە خۆرئاواییەکەى پێوەیە شتێکى تەواو جیاوازە.
دواتر نوسەر بەشێک بۆ پرسى چەمک (کۆنسێپت) تەرخاندەکات لە فەلسەفەدا. دیارە چەمک، کەرەستەى ئیشکردنى فەیلەسوف و بیرمەندە. نوسەر دەنوسێت: “کۆنسێپت بیرۆکەیەک سەبارەت بە چییەتی شتێک و چۆنییەتی پێکهاتە و کارکردنی” هەروەها بۆ زیاتر ڕوونکردنەوە، نووسراوە: بۆ پێشاندانی بیرۆکەیەک دەئافرێندرێت» ل٨٩. دوو تا سێ بەشى دواترى کتێبەکە، ئاڵۆز دەبێتەوە و دێتە سەر پرسەکانى وەک “جەوهەر، ماهیەت، بوون، دیاردە، شت، زمان و هتد”. ئەم بەشانە، نەک هەر بۆ گەنجان، بەڵکو بۆ خوێنەرانى هەموو تەمەنەکان خاڵى نین لە قووڵى و قوورسى. شرۆفەکە کەمێک چڕ و کەڵەکەیە و پێویستى بە پشوودرێژى و ڕاوەستانە. پشوودرێژى، بەشێکە لە پرسەى خوێندنەوەى فەلسەفە. فەلسەفە خۆى بە مێژوویەکى درێژدا هاتووە، فەیلەسووفان کەوتوونەتە ڕەخنەکردنى چەمکەکانى یەکتر، هاوکات گەشەیان بە سیستەم و چەمکەکانى یەکتر داوە. ئەمە وایکردووە، هەر چەمکێک و هەر تێرمێک، مێژوویەکى لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبێت. بۆ نمونە، چەمکى “جەوهەر” و “ماهیەت” دوو چەمکى تێکەڵ و ئاڵۆزن و لە کتێبەکەشدا جۆرێک لە تێکەڵکاریی دواى خۆى جێهێشتووە.
وتراوە “فەلسەفە هەزار دەرگاى هەیە بچیتە ژوورەوە”
لەکۆتاییدا، هەبوونى ئەم سەرچاوانە بایەخێکى زۆرى هەیە بۆ گەشەدان بە فیکرى فەلسەفى لە کوردستان. دەتوانێت تامەزرۆیی لاى لاوان درووستبکات و بیانخاتە سەر ڕێى گەڕان بەدواى کتێبى تر و سەرچاوەى تردا. نوسینى سەرچاوەى فەلسەفى بۆ نەوجەوانان و گەنجان لاى ئێمە، لە سەرەتاکانى خۆیدایە. ڕەنگە کاتێکى باشى بوێت بۆ ئەوەى بگەین بە شێواز و ستایلى ئاسانتر و خۆشخوێنتر. سەرەڕاى ئەوەش، ئەو ڕاستییە وەک خۆى هەر دەمێنێتەوە کە وتراوە “فەلسەفە هەزار دەرگاى هەیە بچیتە ژوورەوە”. ئەم کتێبە و ئەم شێوازە بەرهەمانە، یەکێکن لە دەرگاکان.