زووم
نەرمین مەعروف، ئەندامى لیژنەى دارایی لە پەرلەمانى عێراق بە زوومى گوت، بەهۆى رێکنەکەوتنى حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى ناوەندى، تاوەکو ئێستا بەغداد بوجەى هەرێمى کوردستانى نەناردووە.
زریان تەها، زوومى هەولێر، لەرێگەى نامەى مۆبایلەوە گفتوگۆى لەگەڵ نەرمین مەعروف کردووە، لێی پرسییەوە دکتۆرە، هۆکاری نەناردنی شایستەداراییەکانی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە چییە؟ ئێوە لە لیژنەی دارایی بەدواداچوونتان لەبارەى پرسەکە کردوە؟
نەرمین مەعروف لەوەڵامدا نوسییەتى، “پەیوەندی بە رێکنەکەوتن لەسەر داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمەوە هەیە، هەرێم دەڵێت تەنها 50٪ـی داهاتی دەروازەکان و فەرمانگە فیدراڵییەکان رادەستى حکومەتى فیدراڵى دەکەم، بەغدادیش دەڵێت، 50٪ـی هەموو داهاتی نانەوتیمان دەوێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان بە زوومى گوت، هیچ بەوپێشچوونێک لەبارەى پرسى ناردنى شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان نییە.
هەموو سێشەمەیەک کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بەڕێوەدەچێت، ئاکام فەهمى، زوومی بەغداد دەڵێت، لەگەڵ سەرچاوەیەکی وەزارەتی دارایی عێراق قسەمکرد، پێی گوتم، “پێشنیازێک هەیە، وەزیری دارایی لە کۆبوونەوەکەدا راپۆرتی وردبینی لەسەر خەرجی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی هەرێم بخاتەڕوو”.
شەوى رابردوو سەرچاوەیەک لە حکومەتى هەرێمى کوردستان بە زوومی گوت، بۆ دەرخستنی نیەت پاکی بۆ بەغداد و جێبەجێکردنی یاسای بودجە، حکومەتی هەرێم دەستکاریی داهاتى ناوخۆى مانگى ئابی نەکردووە و هیچ خەرجییەکی لێنەکردووە بۆئەوەى داهاتەکە بۆ حکومەتى عێراق روون بێت.
ئەو گوتیشی، حکومەتی هەرێم تاوەکو سەری مانگی داهاتوو دەستکاری داهاتەکە ناکات و چاوەڕوانی بەغداد دەکات بۆ ئەوەی یاسای بودجە جێبەجێبکات، ئەم هەنگاوە بۆئەوەیە داهاتی ناوخۆی هەرێم بۆ بەغداد روون بێت.
لەبارەی مووچەی مانگی تەموزەوە زووم پرسیارى لە سەرچاوەکەى حکومەتى هەرێم کرد، بەڵام ئەو گوتى، هیچ بەرەوپێشچوونێک نییە و لە ئێستاوە ئەرکی نوێنەرانی کوردە لە پەرلەمانى عێراق بەدواداچوون بۆ ئەوە بکەن بۆچی حکومەتى عێراق یاسای بودجە جێبەجێ ناکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم داهاتی ناوخۆی هەرێم مانگانە لەدەوروبەری 300 ملیار دینار دەبێت، مانگ هەیە زیاتر و مانگیش هەیە لەو بڕە کەمتر دەبێت.
ئەگەر داهاتەکە بەدیاریکراوی 300 ملیار بێت و بەغدادیش وەکو مانگی رابردوو 598 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت، ئەوا هەرێم تووشی کورتهێنان دەبێت و دەبێت تەواوى داهاتى ناوخۆ بۆ مووچە تەرخانبکات، لەکاتێکدا حکومەتى هەرێم مانگانە بەبڕى 100 ملیار دینار خەرجى دیکەى هەیە.