سەرۆکئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێناهێڵێت چونکە زۆر گرنگە بەلایانەوە.
مارک میلی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی “المملکة”ی ئوردنی رایگەیاند، لە زۆر بواردا، رۆژهەڵاتی ناوەراست ناوچەیەکی گرنگە بۆ ئەمریکا و بایەخی زۆری پێ دەدەن.
گوتیشی، “چەندین دۆست و هاوبەشی نزیکمان لە ناوچەکە هەیە، دەمانەوێت دڵنیابینەوە کە ئەو ناوچەیە ئارام و سەقامگیرە، چونکە ناوچەکە سەرچاوەی سەرەکی نەوت و وزەیە لە هەموو جیهاندا.”
ناوبراو گوتیشی، “پێموانییە ئەمریکا ناوچەکە بەجێبهێڵێت و پابەندییەکانمان بۆ چەندین دەیەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.”
ئاماژەی بەوەشکرد کە ژمارە و قەبارەی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەستە بە قەبارەی هەڕەشەکانەوە.