زووم، بەدواداچوون
کەمێک پێش ئێستا بەرێوەبەرایەتی ئاسایش زاخۆ راگەیاندراوێکی بڵآوکردەوە و رایگەیاند: بەگوێرەی ماددەی 1 ژمارە 23ی ساڵی 2003 و بەهۆی بوونی پەیوەندی بە پەکەکەوە ئیسلام کەشانی رۆژنامەنوس و کادری یەکگرتووی ئیسلامی دەستگیرکراوە.
دەقی راگەیاندراوەکەی بەرێوەبەرایەتی ئاسایش زاخۆ
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە زووم بەدواداچوونی بۆ ئەو یاسایە کرد کە ئیسلام کەشانی پێ دەستگیرکراوە و دەرکەوت مادەی 1 ژمارە 23 ی ساڵی 2023 کە بەرێوبەرایەتی ئاسایشی زاخۆ ئاماژەی بۆ کردووە تایبەتە بە دەرماڵەی منداڵبوون و دایکایەتی.
ماددەی یەکی ژمارە 23ی ساڵی 2003 ئەو مادەی ئیسلام کەشانی، پێ دەستگیرکراوە دەڵێت: ئەو ئافرەتەی لە ئیجازەی منداڵبووندا یان لە ئیجازەی دایکاتیدابێت بە درێژای ماوەی ئیجازەکەی مووچە و دەرماڵەی تەواوی پێ دەدرێت، واتە ئەو ماددە یاساییەی ئاسایشی زاخۆ باسی لێوەدەکات هیچ پەیوەندییەکی بەو تۆمەتانەوە نییە کە ئاراستەی ئیسلام کەشانی، کادری یەکگرتووی ئیسلامی کراوە.
هاوکات حاکم شێخ لەتیف دادوەری خانەنشینکراو لە لاپەرەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاماژەی بەوە کردووە، بەگوێرەی راگەیاندراوەکەی ئاسایشی زاخۆ ئیسلام کەشانی بە مادەی یەکی یاسایی 21 ساڵی 2003 دەستگیر کراوە کە تایبەتە بە تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، نەوەک یاسای ژمارە 23 ساڵی 2003 چونکە ئەو یاسایە تایبەتە بە دەرماڵەی منداڵبوون و دایکایەتی.
حاکم شێخ لەتیف نوسیوێتی مایەی سەرسورمانە کەسێک لەسەر ئەوە دەستگیربکرێت کە تێکەڵی پەکەکە ببێت، ئەگەر ئاسایشی زاخۆ، ئیسلام کەشانی لەسەر ئەوە دەستگیرکردبێت کە پەیوەندی بە پەکەکەوە هەیە ئەوا دەبێت ساڵانە بە هەزاران کەس دەستگیربکرێن کە ساڵانە لە یادی نەورۆزدا سەردانی قەندیل دەکەن.
مادەی 21ی ساڵی 2003” هەرکەسێ بە دەستی ئەنقەست و بە هەر شێوەیەک دەبێ، ببێ لە کارێکدا تێوەگلێ بە مەبەستی زیاندان لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و ببێتە هۆی کەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندکردنی هەتا هەتا یان بە بەندکردنی کاتی سزادەدرێت”.