دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا خۆی رادەستی پۆلیس کرد و وەک تۆمەتبار وێنەی گیرا و پەنجەمۆری پێکرا، ئەو تۆمەتبارە بە پیلاندانان بۆ پێچەوانەکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020ی سەرۆکایەتی ئەمریکا و چەند تۆمەتێکی دیکە، ئەوەش بۆ یەکەمجارە لە ئەمریکا سەرۆکێکی پێشوو وەک تۆمەتبار وێنەی بگیرێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە کاتی هەرێمی کوردستان، ترەمپ بە یاوەری ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل و پاسەوان خۆی رادەستی زیندانی فۆڵدۆن لە ویلایەتی جۆرجیا کرد، دوای رێکارە یاساییەکانی وەک وەرگرتنی پەنجە مۆر و وێنەگرتنی وەک تۆمەتبار و مانەوەی لە زینداندا بۆ ماوەی 20 خولەک، بە کەفالەتی 200 هەزار دۆلار ئازاد کرا.
هێشتا دۆخەکە بۆ ترەمپ کۆتایی نەهاتووە، پێویستە چاوەڕێی رۆژی دادگاییکردنەکەی بکات، ناوبراو لەدوای ئازادبوونی بە کەفالەت گوتی، “ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین دەستێوەردانە لە رێڕەوی هەڵبژاردنەکان و گاڵتەچاڕییە بە دادپەروەری.”
دۆناڵد ترەمپ بەنیازە جارێکی دیکە خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا کاندید بکاتەوە، ئەو ئێستا کاندیدی کۆمارییەکانە و ئەگەر جۆ بایدن خۆی کاندید بکاتەوە، جارێکی دیکە هەمان کێبرکێی ساڵی 2020 دەبینینەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانە کە ترەمپ وەک تۆمەتبار لێی وەرگیراوە و میدیا ئەمریکییەکان بڵاویانکردووەتەوە، ترەمپ کێشی 97 کیلۆگرامە و باڵاشی نزیکەی 190 سانتیمەترە.
ترەمپ هەر خۆی نەبوو، بەڵکو چەند کەسێکی دیکە لە هەوڵدان بۆ پێچەوانەکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 تۆمەتبارکراون و ئەوانیش چوونە زیندان و وێنە و پەنجەمۆریان وەرگیرا.