لە رابردوودا دروستکرنی رۆبۆتێکی هاوشێوەی مرۆڤ کە بتوانێت کارەکانی ماڵەوە رابپەڕێنێت یان بتوانێت شوێنێک بۆ نیشتەجێبوونی مرۆڤ لەسەر رووی مانگ دروستبکات، جگە لە خەیاڵێک هیچی دیکە نەبووە. بەڵام کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژی ئەمریکی بە هاوبەشی لەگەڵ ناسا ئەم خەونەیان کرد بەڕاست و رۆبۆتێکیان نمایشکرد کە دەتوانێت کاری ‘بێزارکەر، پیس و مەترسیدار’ بکات، ئەوکارانەی کە چیتر پێویست ناکات مرۆڤ ئەنجامیان بدات.
کۆمپانیای ئاپترۆنیک، کە بنکەکەی لە شاری ئۆستنی پایتەختی ویلایەتی تەکساسی ئەمریکایە، لە چەند نمایشێکدا دروستکردنی رۆبۆتەکەی بەناوی ‘ئاپۆلۆ’ راگەیاند. شێوە و قەبارەی رۆبۆتەکە هاوشێوەی مرۆڤە و باڵای 170 سانتیمەترە و کێشی 72.6 کیلۆگرامە.
رۆبۆتەکە کە بە کارەبا کاردەکات و هیچ مەترسییەکی نییە، وەک ئەو مەترسییانەی کە رۆبۆتی هایدرۆلیکی هەیانە، توانای هەڵگرتنی 25 کیلۆگرامی هەیە. رۆبۆتەکە لەرێگەی پاترییەوە کاردەکات و دەتوانرێت پاترییەکەی بگۆڕدرێت کە بۆ هەرجارێک بەشی چوار کاتژمێر کارکردن دەکات. وەها دیزاینکراوە کە رێژەیەکی زۆری لێ بەرهەم بهێنرێت و هاوشانی مرۆڤەکان کاربکات چونکە جوڵەکانی هاوشێوەی جوڵەی مرۆڤە.
روکاری دەرەوەی رۆبۆتەکە بەشێوەیەک دیزاینکراوە کە سەرنجراکێش بێت و مرۆڤەکان هیچ ترسێکیان لێی نەبێت کە وەک تەنێکی بێگانە سەیری بکەن و لێی بترسن.
لەسەر سنگی رۆبۆتەکە سەکۆیەکی دیجیتاڵی هەیە کە دەتوانێت لەرێگەیەوە گفتوگۆ بکات لەباری ئەوەی چەند شەحنی تیادا ماوە، لە ئێستادا خەریکی چ کارێکە، کەی تەواوی دەکات و کاری داهاتووی چییە. دیزاینی رۆبۆتەکە بەشێوازیکە جوڵەی خۆویستی هەیە و دەتوانێت هاوشێوەی مرۆڤ سەری بۆ ئەو لایە بسوڕێنێت کە بە نیازە بۆی بڕوات.
لە ئێستادا دروستکەرانی رۆبۆتەکە ئامانجیانە رۆبۆتەکە بۆ کۆگاکان دابین بکەن بۆ ئەوەی کاری لۆجیستی بارکردن و گواستنەوەی کەلوپەل ئەنجام بدەن بۆ ئەو شوێنانەی کە کرێکاری مرۆڤیان دەستناکەوێت. بەڵام کۆمپانیای ئاپترۆنیک بەنیازن چەندین خەونی دیکە بەلایەنی کەمەوە لە دەیەی داهاتوودا لەسەر رۆبۆتەکە بهێننەدی.
دامەزرێنەری کۆمپانیاکە جێف کاردێناس رایگەیاند، “دەمانەوێت رۆبۆتێکی فرەريهەند دروستبکەین بۆ ئەوەی بتوانن هەموو کارێک بکەن کە ئێمە نەتوانین ئەنجامی بدەین و یارمەتیمان بدات لەسەر هەسارەی زەوی. بەڵکو لە داهاتوودا بتوانین لەسەر هەسارەی مانگ، مەریخ و هەسارەی دیکەش کاری پێ بسپێرین.”
دەشڵێت، ئێمەی مرۆڤ توانا و کاتمان سنوردارە، دەمانەوێت رۆبۆتەکان دروستبکەین بۆ ئەوەی وەک ئامێرێک یارمەتیمان بدەن و کاتمان بۆ بگەڕێننەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە دەمانەوێت رۆبۆتێک دروستبکەین کە بتوانێت هەزاران کاری جیاواز ئەنجام بدات، بەشێوەیەک کە پێویستی بەوە نەبێت پرۆگرام بکرێتەوە بۆ ئەوەی کار و ئەرکی نوێی پێ بناسێنرێت.
نرخی رۆبۆتەکە رەنگە نرخی ئۆتۆمبێلێکی ئاسای دەبێت و لە کۆتایی ساڵی داهاتوودا بەتەواوی بۆ فرۆشتن بەردەست دەبێت. لە سەرەتادا رۆبۆتەکە لە کۆگاکاندا کاردەکات و کاری گواستنەوەی کەلوپەلەکان دەبێت، بەڵام لە داهاتوودا بۆ کاری بیناسازیی، دروستکردنی ئامێری ئەلیکترۆنی، کاری مارکێت، دیلیڤەری و چاودێریکردنی کەسانی بەتەمەندا بەکاردەهێنرێت.