زووم، ئاژانسەکان
بەگوێرەی ئامارى وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، لە هەشت مانگی ئەمساڵدا 18 هەزار کۆچبەر روویانکردووەتە ئەو وڵاتە و سەرجەمیان لە رێگەی بەلەم لە کەناڵی ئینگلیزەوە لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا پەڕیونەتەوە.
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە دوای ئەوە هات، رۆژی دووشەممە، گەیشتنی کۆچبەران بەو وڵاتە سێیەم ئاستی پێوانەیی رۆژانەی تۆمارکرد و تەنها لەو رۆژەدا 661 کۆچبەر لە رێگەی 15 بەلەمەوە خۆیان گەیاندووەتە ئەو وڵاتە. بەمەش ژمارەی کۆچبەرانی ئەمساڵی گەیاندە 18 هەزار و 618 کۆچبەر. هەفتەی رابردووش 1278 کۆچبەر خۆیان گەیاندە وڵاتەکە.
یەکەم و دووەم ئاستیی پێوانەیی رۆژانەی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی گەیشتوونەتە بەریتانیا لە 10ـی ئاب و 7ـی تەموزی ئەمساڵ بووە، کە 756 و 686 کۆچبەر وەک بەرزترین ژمارە تێیاندا تۆمارکراوە بەدوای یەکتریدا.
رۆژنامەی ئیندیپێندێنتی بەریتانی، ریشی سوناکی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیای بە شکستخواردوو ناوبردووە لەبارەی ئەوەی نەیتوانیوە گرەنتی وەستانی هاتنی کۆچبەران بکات بۆ وڵاتەکەی بەرلەوەی هەڵبژاردنی داهاتووی وڵاتەکە بەڕێوەبچێت، لە ساڵى 2025دا.
پەیمانگای لێکۆڵینەوە لە سیاسەتی گشتی بەریتانیا رایگەیاند، پلانەکانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کۆچبەری نایاسایی مەترسی ئەوەی هەیە کێشەکە بکات بە بابەتێکی هەمیشەیی لەکاتێکدا هەزاران کۆچبەر لە چاوەڕوانیدا ماونەتەوە و پێویستیان بە شوێنی حەوانەوە لە وڵاتەکەدا هەیە.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، پابەند دەبێت بە وەستاندنی هاتنی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی.
ئەو گوتى، ئەمساڵ بۆیەکەمجار ژمارەی کۆچبەران کەمترە بەراورد بە بەشێک لە ساڵانی رابردوو، بەڵام ئەمە پرسێک نییە لە شەو و رۆژێکدا چارەسەر بکرێت.
بەریتانیا پڕۆژەیاسای کۆچی نایاسایی پەسەندکرد و کۆچبەران دەستگیردەکرێن
بەگوێرەى ئامارى وەزارەتى ناوخۆى بەریتانیا لە ساڵى 2022دا 45 هەزار و 755 هەزار کۆچبەر خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا.