هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، پەکەکە سلێمانی و مەخمور و شنگال و قەندیلی داگیرکردووە و دەیەوێت بیبەستێتەوە بە ناوچەکانی سوریاوە.
دوای کۆبوونەوەیان، فواد حسێن و هاکان فیدان، وەزیرانی دەرەوەی عێراق و تورکیا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان لە بەغداد سازکرد.
هاکان فیدان جەختیکردەوە کە بە وردی تاوتوێ “بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە و رێکخراوە تیرۆرستییەکان” کردووە و داوای لە عێراق کرد پەکەکە وەک رێکخراوێکی تیرۆرستی بناسێنێت.
گوتیشی، ئامادەن هاوکاری عێراق بکەن لەو پرسەدا چونکە ئاسایش و سەقامگیری عێراق بۆ تورکیا گرنگە.
فیدان جەختی لە پشتگیری و هاوکاری تەواوی وڵاتەکەی کرد بۆ پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان کە سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە و کەنداو بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە و گوتی، ئەو پڕۆژەیە عێراق دەکاتە ناوەندێکی بازرگانی و داواشی لە وڵاتانی دراوسێ کرد هاوکاری عێراق بکەن.
لای خۆیەوە، فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، بە وردی تاوتوێ دۆسیەی ئاویان لەگەڵ تورکیا کردووە بۆئەوەی عێراقی کە وڵاتی دوو رووبارەکەیە پشکی دادپەروەرانەی ئاوی خۆی وەربگرێت.
گوتیشی، داوایان لە تورکیا کردووە ئاسانکاری لە پێدانی ڤیزا بە تایبەت کە 700 هەزار عێراقی لە تورکیا هەن و زیاتر لە 800 کۆمپانیای تورکیش لە عێراق کاردەکەن، بۆیە پەیوەندییە ئابوری و بارزگانییەکانی نێوان هەردوو زۆلا گرنگە.