گرژییەکانى نێوان ئیسرائیل و فەلەستیینییەکان رەگوڕیشەیەکى مێژوویی هەیە، بەڵام گرژییەکە لەمساڵدا گەیشتە ئاستێک لە 18 ساڵى رابردوودا هاوشێوەى نەبووە.
نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، راپۆرتێکى لەبارەى گرژییەکانی نێوان فەلستینی و ئیسرائیلییەکان بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت، لە سەرەتاى ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 200 فەلەستینی و نزیکەی 30 ئیسرائیلی کوژراون، ئەم ژمارەیەش بەرزترین ئاستە کە لەساڵی 2005ەوە تۆمارکرابێت.
تۆر وێنسلاند، هاوئاهەنگیکارى تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پرۆسەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان راپۆرتەکەى خوێندەوە و ئامارى توندوتیژییەکانى خستەڕوو.
2/ The Council members were clear today that the violence must stop. I urge leaders to act now to calm the situation. This spiral of violence is leading nowhere but to more bloodshed.#Israel #Palestine
— Tor Wennesland (@TWennesland) August 21, 2023
تۆر وێنسلاند بە ئەندامانى ئەنجومەنى ئاسایشی گوت، هۆکاری تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکان بۆ ئەو نائومێدییە دەگەڕێتەوە، کە فەلەستینییەکان لەبارەی داهاتوویان و نەبوونی بەرچاوڕوونییەک بۆ خەونی سەربەخۆیی وڵاتەکەیان هەیانە.
ئەو گوتى، نەبوونی بەرەوپێشچوون بەرەو ئاسۆیەکی سیاسیی بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکان بۆشاییەکی مەترسیداری دروستکردووە، کە پڕی بووە لە کەسانی توندڕەو لە هەردوو لایەن.
سەرەڕای ئەوەی چەند پێشتر هەنگاوێکی کردەیی لەلایەن ئیسرائیل و فەلەستین هەبوون بۆ سەقامگیرکردنی دۆخەکە، بەڵام گرژییەکانى ئەمساڵ لە کەرتى رۆژئاوا بەتایبەتى لە مانگى رەمەزانەوە زیاتربوون.
سوپاى ئیسرائیل ناوە ناوە دەچێتە سەر فەلەستیینییە ناڕازییەکان، هەندێکجار ماڵى نەیارەکانى دەتەقێنێتەوە، مانگى رابردوو گەورەترین هێرشى بۆسەر کەمپی جنین لەماوەى 20 ساڵدا ئەنجامدا.
تۆر وێنسلاند دەڵێت، ئیسرائیل بەردەوامە لە روخاندنی ماڵی فەلەستینییەکان و ئەو ئۆپراسیۆنانەی هێزە ئیسرائیلییەکان دەیکەن لە ناوچەکانی کەرتی رۆژئاوای فەلەستین بووەتە هۆی ئاڵۆزتربوونی دۆخەکە، ئەمە سەرەڕای ئەو هێرشانەی ئیسرائیلییە هاوردەکان دەیکەنە سەر گوندەکانی فەلەستینییەکان.
گرژییەکانى نێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان حەوت دەیەیە بەردەوامە، لەوکاتەوەى کە دەوڵەتى ئیسرائیل دامەزراوە، بەڵام لەم ساڵانەى دواییدا زیاتربووە.
نوێنەرى نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، “ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش زۆر راشکاوبوون لەوەی کە دەبێت توندوتیژی بوەستێت. ئەو داوا لە سەرکردەکان دەکات هەنگاو بنێن بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە.
لیندا تۆماس باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان کە سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنى ئاسایشی کرد گوتى، دەبێت دەستبەجێ هەنگاو بنرێت بۆ هێورکردنەوەی توندوتیژییەکان و پشتیوانی وڵاتەکەشی بۆ چارەسەریی دوولایەنە دووپاتکردەوە.