زووم، رۆیتەرز
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، رۆژى دووشەممە گەیشتە ئەنقەرەى پایتەختى تورکیا، ئامانجی سەدانەکەی چارەسەری پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمى کوردستانە لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.
نزیک دەبێتەوە لە پێنج مانگ هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان راگیراوە، پاش بڕیارەى دادگاى ناوبژیوانى نێودەوڵەتى لە پاریس، کە 25ـى ئازار راگەیەندرا. دادگاکە دۆسیەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستانى لە رێگەى تورکیاوە لە بەرژەوەندى عێراق و بە زیانى هەرێم و تورکیا یەکلایکردەوە و تورکیاى پابەندکرد بە ملیارێک و 400 ملیۆن دۆلار قەرەبووى عێراق بکاتەوە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاند، ئەو زیانەنەی لەلایەن دادگای ناوبژیوانییەوە بڕیاریان لەبارەوە دراوە و ئەو دۆسیانەى هێشتا لە دژی ئەنقەرە لە دادگاکەدا کراوەن، دەبن بە تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان بۆ ئەوە چارەسەر بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان ئەنکەرە و بەغداد بدۆزرێتەوە.
تورکیا دەیەوێت لەبارەی قەبارەی ئەو قەرەبووەی کە دەبێت بیداتەوە بە عێراق دانوستان بکات و لەبارەی ئەو دۆسیانەى دیکە کە لەدژی بەرزکراونەتەوە لەگەڵ عێراقدا رێکبکەوێت.
دوای راگرتنی، کۆمپانیاکانی نەوت بەهۆی نەبوونی عەمبارەوە دەرهێنانی نەوتیان لە کیڵگە نەوتییەکانی هەرێمدا راگرت و تاوەکو ئێستا دەستیان بە کارکردن نەکردووەتەوە، جگە لە کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی کە هەفتەی رابردوو دەستی بە بەرهەمهێنانی 40 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە کیڵگەی نەوتی تاوكێدا کردەوە.
سەرەڕای نیگەرانییەکانی راگرتنی نەوت و واژۆکردنی گرێبەستێک لەبارەی نەوتی هەرێم، کە دەسەڵاتی فرۆشتنی نەوتی خستووەتە دەست کۆمپانیای سۆمۆ، هێشتا هەناردەی نەوت دەستی پێنەکردووەتەوە. جگە لەم سەردانەی وەزیری نەوتی عێراقیش، تاوەکو ئێستا هیچ هیوایەک بەدینەکراوە تا بزانرێت کەی هەناردەی نەوت دەستپێدەکاتەوە.