دوای هەڵمەتێکی هەڵبژاردنی خوێناوی، دەنگدەرانی ئیکوادۆر ئەمڕۆ یەکشەممە، روویانکردە سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی تازە و ئەنجومەنی یاسادانان، بەو ئومێدەوە، کە ئەم هەڵبژاردنە وڵات رزگار بکات لە توندوتیژی بەردەوام و کێشە ئابورییەکان.
کاندیدانی ئیکوادۆر دوو بابەتیان کردبوو بە بەرنامەی هەڵمەتی هەڵبژاردن، یەکەمیان وەستانەوە دژ بەو رێژەی زۆرەی تاوان، کە بەردەوام بە خێرایی بەرزدەبێتەوە، هەروەها چاککردنی بارودۆخی ئابوری وڵات کە رێژەی کۆچ و بێکاری بەرزکردووەتەوە.
بابەتی تاوان و ئاسایش بابەتێکی گەرم بوو بەتایبەت دوای کوژرانی فێرناندۆ ڤیلاڤیسێنسیۆ، کە یەکێک بوو لە کاندیدەکانی هەڵبژاردنەکە بۆ سەرۆکایەتی و رۆژی 9ی ئاب دوای جێهێشتنی شوێنی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی کوژرا.
فێرناندۆ ڤیلاڤیسێنسیۆ، رۆژنامەنووسێکی لێکۆڵەر بوو، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی یاسادانان بوو، لە هەرە بەرهەڵستکارە دیارەکانی گەندەڵی بوو
وێنەی فێرناندۆ ڤیلاڤیسینسیۆ ئەمڕۆ لەسەر وەرەقەکانی هەڵبژاردن هەبوو، کە پێش کوشتنی ئەو چاپکرابوون.
دوای فێرناندۆ چەند کاندیدێکی دیکە بانگەشەی ئەوەیان کرد، کە روبەڕوی هێرش بوونەتەوە، پۆلیسیش رەتیدەکاتەوە کە لەو رووداوانە کاندیدەکان بە ئامانج گیرابن و ئەمە جگە لەوەی کۆی توندوتیژیەکان دەخەنە ئەستۆی میلیشیاکان.
لە هەڵبژاردنەکانی ئیکوادۆر 13 ملیۆن دەنگدەر بەشداردەبن، دەنگدان بۆ ئەو کەسانەی تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 65 ساڵە ئیلزامیە، 100 هەزار ئەفسەری پۆلیس و ئاسایش هەڵبژاردنەکان دەپارێزن.
دەنگدەران دەنگ بە 137 کاندید دەدەن بۆ بوون بە ئەندام لە ئەنجومەنی یاسادانان، هەر کاندیدێکی سەرۆکایەتیش پێویستە رێژەی 50%ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، یان 40% بە مەرجێک جیاوازی لەگەڵ رکارەبەکەی لە 10 خاڵ زیاتر بێت.
ئەگەرنا هەڵبژاردنەکان دەچێتە خولی دووەم و لە 15ی تشرینی یەکەم دووبارە دەکرێتەوە.
ئێکوادۆر لە مێژوودا تاڕادەیەک وڵاتێکى ئارامى ئەمریکاى لاتین بوو، بەڵام بەمدواییانە ژمارەى تاوان لە وڵاتەکە زیادى کردووە، زۆربوونى باندەکانى بازرگانى بە مادەى هۆشبەر بە یەکێک لە هۆکارەکان دادەنرێت.
ڤیلاڤیسینسۆ لە هەڵمەتى بانگەشەى هەڵبژاردن زۆرتر فۆکەسى لەسەر روبەڕوبوونەوەى گەندەڵى و پرسی ماددەى هۆشبەربوو.