زووم:
بافڵ تاڵەبانى پاش کۆبوونەوەى لەگەڵ فەرماندەى هێزەکانى هاوپەیمانان رایگەیاند، یەكێتی بەهەموو شێوەیەك پشتگیریی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە دەكات.
لە بەغداد هەریەکە لە بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان و ماتیۆ مەکفارلان، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عیراق و سوریا کۆبوونەوە.
هەردوولا پرسى یەکخستنەوەى هێزەکانى پیشمەرگەیان تاوتوێکردووە و بافڵ تاڵەبانى گووتویەتى، یەکێتى دەیەوێت هێزێكی نیشتمانیی تۆكمە بونیاد بنرێت، بەڵام بەشێوەیەكی دادپەروەرانە و دوور لە بەرژەوەندی تایبەت.
سەرۆکى یەکێتى راشیگەیاندووە، كاری هاوبەشی نێوان هێزە ئەمنییەكان فاكتەرێكی گرنگی پاراستنی سەقامگیرییە لە ناوچەكە و ئێمەش لەوپێناوەدا هەوڵدەدەین.
یەکشەممەى رابردوو ماتیۆ مەکفارلان بە سەرۆکایەتى شاندێکى باڵاى هاوپەیمان لە عێراق و سووریا گەیشتە هەرێمى کوردستان و چوار رۆژ لە هەولێر مایەوە، بە جیا لەگەڵ مەسرور بارزانى سەرۆکوەزیران و قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکوەزیران و مەسعود بارزانى سەرۆکى پێشووى هەرێمى کوردستان کۆبووەوە، تەوەرى سەرەکى سەرجەم کۆبوونەوەکان تایبەتبوو بە پرۆسەى چاکسازیی وەزارەتى پێشمەرگە و یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە.
چڕبوونەوەى کۆبوونەوەکان لەبارەى یەکخستنەوەى پێشمەرگە لەکاتێکدایە، مانگى رابردوو چەند نوسراوێکى وەزارەتى پێشمەرگە بڵاوکرانەوە و باسیان لە خراپى دۆخى وەزارەتەکە کرد. ئەوەى لەناو وەزارەتى پێشمەرگە روودەدات کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە و لەبارەى نووسراوەکانەوە ئەمیندارى پێشووى وەزارەتى پێشمەرگە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ زووم رایگەیاند، هەرچى کراوە بۆ یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە و چاکسازیی لەم چەند مانگەدا تێکدراوە و دۆخێکى وا دروستکراوە هاوپەیمانان بڕوایان بە دەسەڵات نەماوە.
جەبار یاوەر گوتیشى ئەگەر پارتى و یەکێتى جددى نەبن لە یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە هاوپەیمانان جێمان دێڵن و هێزەکانى پێشمەرگە دەخرێنە سەر وەزارەتى بەرگریی عێراق ئەوکاتە هەرێمى کوردستان لەدەستدەدەین.
بە ماوەیەکى کەم پاش ئەم رووداوانە حکومەتى هەرێم رایگەیاند، پرۆسەى یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە بەردەوامە و لە سەرەتاى ئەم مانگەدا هەر سێ لیواکانى 26 و 28 و 30 خراونەتە سەر میلاکى وەزارەتى پێشمەرگە و ژمارەیان پێنج هەزار و 400 پێشمەرگە و ئەفسەرە و لە هێزەکانى یەکەى 70 یەکێتى دروستکراون.
راشیگەیاندبوو لیواکانى 25 و 27 ئێستا لەنێو پرۆسەى یەکخستنەوەدان و 90 لەسەدى کارەکانیان تەواوبووە و بەمنزیکانە دەخرێتە سەر میلاکى وەزارەتى پێشمەرگە.