فڕۆکەى F16، چەندین مانگە داواکاری سەرەکی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکى، سەرۆکى ئۆکراینە، سەرئەنجام ئەمریکا گەیشتنى بە خەونەکەى راگەیاند و رەزامەندى نیشاندا فڕۆکەکە بگاتە سوپاى ئۆکراین.
فڕۆکەى F16 لەبەرئەوەى دروستکراوى ئەمریکایە، هەر وڵاتێکى هاوپەیمانى ئەمریکا بیەوێت بیدات بە ئۆکراین یان وڵاتێکى دیکە پێویستە ئەمریکا رازی بێت، پێشتر ئەمریکا رازی نەبوو، ترسی هەبوو پێدانى فڕۆکەکە جەنگى روسیا و ئۆکراین بگەیەنێتە ئاستى جەنگى ئەتۆمی.
فڕۆکەکان، دانیمارک و هۆڵەندا بۆ ئۆکراینى دەنێرن و داواى رەزامەندییان لە ئەمریکا کردووە.
جەیک سولەیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا رایگەیاند، ئەنتۆنی بڵینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نامەیەکی بۆ هاوتا دانیمارکى و هۆڵەندییەکەى ناردووە و بەفەرمی دڵنیایی داونەتێ، ئەمریکا بەخێرایی داواکارییەکەیان بۆ دابینکردنی فڕۆکەکە بۆ ئۆکراین جێبەجێدەکات.
دوێنێش بەرپرسانی واشنتن و وڵاتانی ئەوروپا رایانگەیاند، ئەمریکا رەزامەندییەکەى بۆ هەردوو وڵاتەکە نیشانداوە، کە فڕۆکەى ئێف 16 بە ئۆکراین بدەن.
هێشتا کاتى پێدانى فڕۆکەکان ئاشکرانەکراوە، بەڵام وەک بەرپرسانى واشنتن دەڵێن، دەکەوێتە دواى تەواوبوونى راهێنانى فڕۆکەوانە ئۆکراینییەکان.
هەرچەندە بەرپرسانى ئۆکراین چاوەڕوانن F16 هاوسەنگى هێزیان بۆ بگۆڕێت، بەڵام جەنەراڵ جەیمس هاکەر، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە ئەوروپا و ئەفریقا، دەڵێت، پێشبینی ناکەم دەستڕاگەیشتنی ئۆکراین بەو فڕۆکانە هاوکێشەکانی جەنگ بەشێوەیەکی باش بگۆڕێت، ئەو دەڵێت، هێرشی فراوانى فڕۆکەی F16 پێویستی بە چوار بۆ پێنج ساڵ دەبێت.
یاڤگێنی راکیتا، گوتەبێژی لیوای 18ی سوپای ئاسمانی ئۆکراین رایگەیاند، هێزە ئاسمانییەکانی ئۆکراین فڕۆکەکانی سەردەمی سۆڤیەت بەکاردەهێنن، کە چەندین دەیەیە کۆن بوون و زۆر لاوازن لە ئاستی هێرشە موشەکییە ئاسمانییەکانی روسیادا. ئەو دەڵێت، هەرگیز جەنگی مۆدێرن بەبێ هێزیی ئاسمانی براوە نابێت.