ئاورام نوئام چومسکی، بیرمەند، زمانناس، فەیلەسوفی ئانارشیست و تیۆردانەری ئەمریکی، لەبارەی دۆخی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان و پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، گۆشەگیری سەرعەبدوڵا ئۆجالان رێبەری پەکەکە، شەڕی روسیا و ئوکراینا، هەڵوێستی ئەمریکا و ناتۆ، ئەگەری بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن زلهێزەکانەوە، بۆ رۆژنامەی (یەنی ئوزگور پولیتیکا) قسەی کرد کە ناوەندەکەی لە ئەڵمانیایە.
چاوپێکەوتنی رۆژنامەکە لەگەڵ چۆمسکی بەم شێوەیەیە؛
پرسیار: هێرشی داگیرکەری ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا وەک سەرەتای سەردەمێکی نوێ لێکدەدرێتەوە، چونکە ئەو هاوکێشە جیهانییەی کە لەدوای جەنگی جیهانی دووەم و ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت دروست بوو، خەریکە تێکدەچێت. ئەم شەڕە نیشانەی چی سەردەمێکی نوێیە؟ کاتێک سەیری دیمەنی ئێستای جیهان دەکەیت چی بەدی دەکەیت؟
چومسکی: پرسی سەرەکی سیستمی جیهانی ئەوەیە کە ئایا بە تاک جەمسەری دەمێنێتەوە، کە ئەمریکا زاڵ دەبێت، یان سیستەمێکی فرە جەمسەری دەبێت کە کۆمەڵێک ناوەند دەسەڵاتیان دەبێت. لێرەدا دوو سیستم بەدی دەکرێن. یەکەم سیستمی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای هەندێک یاسا دەبێت کە ئەمریکا یاساکان دادەنێت و دووەمیش سیستمی نێودەوڵەتیە کە لەسەر بنەمای نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوە دەچێت. بێگۆمان لە ئەمریکا، ئەکادیمی و میدیاکان، بە شێوەیەکی یەکدەنگ، پشتگیری لە سیستمی ئەمریکی دەکەن.
رۆڵی ئەوروپا لەم پرس و پێشهاتەدا رۆڵێکی ناوەندییە. بە درێژایی جەنگی سارد بۆچونی جیاواز هەبوە سەبارەت بە پێگەی ئەوروپا لە سیستمی جیهانیدا. “دیدگای ئەتلانتیستی” کە ناتۆیە، بە پێویستی بینی لەگەڵ جەمسەری ئەمریکادا بێت. چارڵز دیگۆل سەرۆک کۆماری ئەوکاتەی فەڕەنسا، یەکێک بوو لە لایەنگرانی سەرەکی ئەو بۆچوونەی کە ئەوروپا دەبێت هێزێکی سێیەمی سەربەخۆ بێت “لە زەریای ئەتڵەسیەوە تا زنجیرە چیای ئۆڕال کە لە سنوری كازاخستان و ئاسیا و ئەوروپا لەیەک جیا دەکاتەوە”. لە دەستپێشخەری ‘ئۆستپۆلیتیک’ی ویلی براندت و دەستپێشخەرییە هاوشێوەکانی دیکەدا تا ڕادەیەک پشتگیری لەم بۆچوونەکراوە. لە کاتێکدا یەکێتی سۆڤیەت بەرەو داڕمان دەڕۆی، میکائیل گۆرباچۆڤ بیرۆکەی “ماڵێکی هاوبەشی ئەوروپی” لە لیسبۆنەوە تا ڤلادیڤۆستۆک پێشنیار دەکرد، بۆ هەوڵێکی هاوبەش کە هیچ هاوپەیمانییەکی سەربازی تێدا نەبوو، بەڵکو ئامانجی بنیاتنانی داهاتوویەکی سۆسیال دیموکرات بوو. ئەمریکا بۆ ماوەیەکی کورت لە بیروکەکە نزیک بوەوە. بەڵام بە پێچەوانەی پێشنیازەکانی نوێنەرانی باڵای دیپلۆماسی ئەمریکا، ئەم بیرۆکانە لەلایەن ئیدارەی کلینتۆنەوە رەتکرانەوە و سیاسەتێک لە بەرژەوەندی فراوانکردنی ناتۆ بۆ سنوری روسیا پەسەند کرا.
داگیرکەری نایاسایی پوتین لە ئوکراینا، لانیکەم لە کورتخایەندا، ئەوروپای وەک دیارییەکی زۆر باش بە ئەمریکا بەخشی. تا دوا خولەک ئیمانوێل ماکرۆن هەوڵیدا پوتین ڕازی بکات و ڕێگایەکی جیاواز بگرێتەبەر، ڕەنگە هاوشێوەی پێشنیازەکەی گورباجۆڤ بووبێت. پوتین رەتیکردەوە. بەڵام پرۆسەکە تەواو نەبووە. ئەوروپا بەهۆی ئەوەی بە کلکی واشنتۆنەوە بەستراوەتەوە، زیانێکی زۆری بەردەکەوێت و دەکرێت گۆڕانکاری بەسەردا بێت.
هاوکات چین بە هێمنی بەرنامە و پرۆژەکانی قەرز و گەشەپێدانی گەورەی خۆی فراوان دەکات، کە لە سەرانسەری ئاسیا بەردەوامە و لە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکای لاتین فراوان دەبێت و پێشبینی دەکرێت بەم زوانە ئەوروپاش بگرێتەوە. ئەمریکا بە سەرکەوتنێکی سنوردا، هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ ئەوەی ڕێگری لەو کارەی چین بکات. ئیدارەی بایدن هەوڵێکی زۆر دەدات کە هاوپەیمانەکانی نەکەونە ژێر هەژموونی ئەم بەرنامە و پرۆژەیەی چین کە زیاتر خۆی لە بواری تەکنەلۆژیادا دەبینێتەوە. لە لایەکی دیکەوە گەمارۆی چەکی پێشکەوتوی لە رێگەی هەندێک وڵاتەوە خستوتە سەر چین.
لەم چوارچێوەیەدا، بزوتنەوە بێلایەنەکانی جیهانیش هەوڵ دەدەن کە ببنە بەشێک لە سیستمی جیهانی وەک یەکێتیە ئابوریە نێودەوڵەتیەکان، کۆنفرانسی بازرگانی و پێشکەوتنی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان و بریکزید، زۆربەی ئەو هەوڵانە لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەوە بە توندی رەتدەکرێنەوە. بەڵام بزوتنەوەکان لەسەرپێ دەمێننەوە و لە نێو رەوتی پێشکەوتندا دەمێننەوە.
پرسیار: ئەنتۆن چێخۆف نوسەری بەناوبانگی روسی دەڵێت، “ئەگەر لە سەرەتای یاریەکەدا چەکێک بە دیوارەوە هەڵواسرابێت، لە کۆتایی یاریەکەدا دەدەقێنرێت”. رەنگە بۆ یەکەمجار بێت کە لە دوای قەیرانی کوباوە مەترسی شەڕی ئەتۆمی بەم شێوەیە زیاد ببێت. بەرپرسانی باڵای روسیا و ئەمریکا هۆشدارییان داوەتە یەکتر لەوەی کە دەکرێت جەنگی جیهانی سێیەم شەڕێکی ئەتۆمی بێت. ههڕهشهی ئهتۆمی و قهیرانی كهشوههوا زیاد بووە. ئەڵمانیا و زۆرێک لە وڵاتانی رۆژئاوا بە ملیاران دۆلار بۆ بەرنامەی بەرهەمهێنانی چەکی زیاتر بەکاردەهێنن. لە ڕابردوودا جەمسەرگیرییەک لە نێوان دوو لایەنی سەرەکیدا هەبووە، ئەوانیش وڵاتانی کاپیتالیست و وڵاتانی سۆسیالیستی ڕاستەقینە بوو. بەڵام ئەو سەردەمە تێپەڕی. ئێستا جەمسەرگیری شەڕی هەژموونی نێوان وڵاتە کاپیتالیستیەکانە. ئەم شەڕەی هەژموونگەرایی و تایبەتمەندییەکانی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
چۆمسکی: مەترسی شەڕی ئەتۆمی لەپێش هێرشی روسیا بۆسەر ئوکراینا هەبووە. ئاشکراترین دۆخی ئێستای جیهان، ڕێکخستنی کاتژمێری قیامەتی بەناوبانگە. کاتژمێرەکە لە دووریەکی دیاریکراو لە نیوەی شەو دانرابوو، بە شێوەیەکی ڕەمزی نوێنەرایەتی نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی مرۆڤایەتی دەکات بەهۆی کارەساتی جیهانیەوە. نیوەشەویش نوێنەرایەتی لەناوچوون دەکات. لە ساڵی 1953 کە ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت چەکی ئەتۆمی گەرمیان تەقاندەوە، بەپێی کاتژمێرەکەی رۆژی قیامەت دوو خولەک مابوو کە کۆتایی بە هەموو شتێک بێت. ئەوەش نیشانیدا کە توانای مرۆڤ گەیشتووەتە لەناوبردنی هەموو شتێک. بەدرێژایی ساڵان، میلی کاتژمێرەکە لە گەڕان بەردەوام بوو، بەڵام جارێکی دیکە لە سەردەمی ترەمپدا مەترسیەکە گەیشتەوە بە دوو خولەک. دواتر شیکارەکان خولەکیان تێپەڕاند و دەستیان بە ژماردنی چرکەکان کرد. پێش هێرشی داگیرکەری روسیا 100 چرکە کات دەستنیشانکرا. بۆ ئەمەش سێ هۆکار دەستنیشانکراون: پەرەسەندنی مەترسی شەڕی ئەتۆمی، پەرەسەندنی مەترسی گەرمبوونی جیهان و لەناوبردنی ژینگە و شکستی دیموکراسی و گفتوگۆی هزری. هێرشی داگیرکری روسیا، هەموو ئەم قەیرانانەی قوڵتر کرد.
بە بۆچوونی من، هیچ کاتێک وڵاتێکی سۆسیالیستی نەبووە؛ بەڵکو باسی سیستمی جۆراوجۆری دەوڵەتی کاپیتالیستی و باڵادەستی ئەمریکا کراوە. ئەگەر شەڕی ئوکراینا بەردەوام بێت، مەترسی ئەوە هەیە کە داگیرکەران ئەگەر روبەروی شکست ببنەوە، پەنا بۆ چەکی ئەتۆمی ببەن، بەڵام ئەم ئەگەرە زیاتر لە ولاتانی ڕۆژئاوا سەری هەڵداوە. کەواتە زۆر گرنگە کە بە خێرایی کۆتایی بەو مەترسیە بهێنرێت. بە کورتی سەرنجم لەسەر ئەوە دا کە چۆن دۆخی جیهانیم بینی کە گەشە دەکات. بە کورتی دەتوانم بۆچوونی خۆم لەبارەی دۆخی ئێستای جیهان بەم شێوەیە بخەمەڕوو.
پرسیار: هێرشی داگیرکاری روسیا بۆ سەر ئوکراینا گفتوگۆی زۆری لێکەوتەوە. لە لایەکەوە دەبینرێت کە روسیا بەهۆی ناتۆوە ناچار بووە دەست بەم هەوڵە داگیرکەریە بکات، ئۆکرانیا وەکو پاروویەک بەکارهێنراوە و لەکاتێدا کە تاوانباری سەرەکی ئەمریکا و ناتۆیە. لە لایەکی دیکەوە بەهێزبوونی پوتین دەرفەتێکی بۆ فراوانبوونی سیستمی ئیمپریالیستی رەخساندووە و بۆیەش دەگوترێت کە روسیا دەستی بەم هەنگاوە کردووە. جگە لە لێکدانەوەکان لەبارەی، دژایەتیکردنی ئۆپەراسیۆنی داگیرکاریی روسیا و ئامانجەکانی فراوانکردنی سیستمی ئیمپریالیستی؛ هەڵسەنگاندنێکی دیکە هەیە کە ناڕەزایەتی لە بەرامبەر ئەوە هەیە کە ناتۆ و ئەمریکا ئۆکرانیا بۆ خواستە ئیمپریالیستەکانیان بەکاردەهێنن. رای گشتی جیهان لەسەر ئەم بۆچوونانە دابەش بووە، ئەم بۆچوونانە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
چۆمسکی: بە پێشێلکردنی ئەو بەڵێنە پتەوانەی کە بە گۆرباچۆڤ درابوو و بە پێچەوانەی ئامۆژگاری کەسایەتییە سەرەکییەکانی دیپلۆماتکارانی باڵاکانی ئەمریکا فراوانکردنی ناتۆ لەلایەن ئیدارەی کلینتۆنەوە دەستی پێکرد. هەموو کەسێک دەیانزانی کە هیچ سەرکردەیەکی روسیا، لەوانەش کە لەنێو ڕۆژئاواییەکاندا زۆرترین لایەنگرییان هەیە، بەزاندنی سنوری روسیا قبوڵ ناکەن. من لێرەدا باسی قبوڵکردنی ئۆکرانیا و جۆرجیا وەک ئەندامی ناتۆ ناکەم کە هەندێک لە بەرپرسانی باڵای ئەمریکاش باسی مەترسی و سورکردنی روسیایان دەکرد.
بەڵام ناتوانرێت هیچ پاساوێک بۆ ئەم دەستدرێژییە داگیرکارییە نایاساییەی روسیا بهێنرێتەوە. تاوەکو دوایین ساتیش ئیمانوێل ماکرۆن ڕێگەی باشی پێشکەش بە پوتین کرد بۆ چارەسەرێک بەبێ ئەوەی پەنا بۆ توندوتیژی ببرێت. پوتین ئەو دەستپێشخەریەی بە شتێکی بچوک بینی و دەستی بە هێرش کرد. وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، ئەم هێرشە داگیرکەریە، بۆ ئەمریکا وەک دیاریەکی گرانبەها بوو کە لەسەر سینیەکی زێڕین پێشکەشی بکرێت. بەمەش بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت، ئەوروپا کەوتە دەستی ئەمریکاوە.
پرسیار: لە کاتێکدا هەموو ئەم رووداوانە روویانداوە، تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و هەڕەشە لە رۆژئاڤای کوردستان دەکات. تورکیا بەهۆی پەیوەندیەکانیەوە لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا لەم سەردەمەدا کە هێرشی داگیرکەری بۆ سەر ئۆکرانیا هەیە، هێرشی نوێ ئەنجام دەدات. لە کاتێکدا کە رازیبوونی ئەمریکا لە بەرانبەر هێرشی درۆنەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاڤا دەبینرێت، بەهۆی شەڕی روسیا و ئوکرایناوە، پێدەچێت، ئەمریکا سازشی زیاتر بۆ تورکیا بکات. هاوکاری ئەمریکا و ڕووسیا، واتە دوو زلهێزی دژبەیەک بۆ تورکیا لە پرسی رۆژئاڤادا دەبێت چۆن هەڵبسەنگێندرێت؟
چۆمسکی: تورکیا هەمیشە بێبەزەیی بووە لەبەرانبەر گەلی کورد. وەک ساڵانی سەرەتای ئەم سەدەیە، وادەردەکەوت کە ئەم دۆخە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەڵام زۆری نەخایاند. تورکیا هیچ دەرفەتێک بۆ لێدان لە کورد لە دەست خۆی نادات. ئەردۆغان هەوڵ دەدات لە سیستمی پێشکەوتووی جیهاندا تورکیا پێگەیەکی باشی هەبێت. لە چاوی ئەودا، وەک خەلێفەیەکی نوێیە. ئەگەر ئەوەشی بۆ نەگونجێت دەیەوێت لانیکەم لەنێوان روسیا و رۆژئاوادا سیاسەتێک بەڕێوەببات کە کۆنتڕۆڵ ناکرێت و لەگەڵ هەردوولا کار بکات و لە ئاستیا گەشە بکات و لەگەڵ چین دەسەڵاتی تورکیا فراوانبکات. بەم شێوەیە تورکیا وەک ئەندامی ناتۆ دەمێنێتەوە، ئەردۆغان بە خۆشحاڵییەوە پێشنیازی پوتین بۆ دامەزراندنی ناوەندێکی نوێ بۆ دابەشکردنی غازی روسی بۆ ئەوروپا قبوڵ دەکات و خۆی لە چوارچێوەکانی ناتۆ بەدوور دەگرێت و داواکارییە بەهێزەکانی ئەمریکا پێشێل دەکات. ئازادبوونی کورد هەم بۆ رووسیا و هەم بۆ ئەمریکا تا ڕادەیەکی زۆر هیچ مانایەکی نییە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی رابردوو، دەبینین کە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو یەکێک بوو لە خراپترین قۆناغەکانی هێرشە قێزەونەکانی تورکیا لە دژی کورد . چەکەکانی تورکیا بۆ هێرش و سەرکوتکردن لەلایەن ئەمریکا و کلینتۆنەوە دابینکرابوون. لەسەر ئەم پرسە ئەمریکا بە تەواوی بێدەنگ بوو و ئەمڕۆش مشتومڕ لەسەر ڕۆڵی هاوشێوەی ئەمریکا هەیە.
پرسیار: دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە ئێران، ژنان بە شێوەیەکی کاریگەر دەستیان بە شۆڕش کرد. ناوی ڕاستەقینەی مەهسا بە کوردی ژینایە. ئەو کچە بە ناوی مەهسا تۆمار کراوە، چونکە ناوی کوردی لەسەر ناسنامەکەی نەنوسراوە. یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی ڕاپەڕین دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”یە کە دروشمی بنەڕەتی بزوتنەوەی کورد و بزوتنەوەی ژنانی کوردە. بوەتە دروشمی بنەڕەتی. ئۆجالان دەڵێت دروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ شێوەیەکی سیحراوی شۆڕشی ژنانی کورد. هۆکاری بڵاوبونەوەی ئەم دروشمە بۆچی دەگەڕێنێتەوە؟
چۆمسکی: باسی ڕۆڵی ناوەندی کورد لەم ڕاپەڕینە سەرتاسەریەی ئێراندا دەکرێت، بەڵام بە شێوەیەکی پەراوێزخراو باسی لێدەکرێت. وەک ئەو نمونەیەی کە لە پرسیارەکەتدا باست کرد. لە گوتاری ڕۆژئاواییەکاندا قوربانیەکە ‘مەهسا’ نییە، بەڵکو ‘ژینا’یە کە هیچ باسی ناکرێت. هەروەها باسی پەیوەندیەکانیی ئەم رەوتە لەگەڵ سەرکەوتنەکانی رۆژئاڤا ناکرێت و ناشزانرێت.
پرسیار: زیاتر لە مانگێکە لە ئێران راپەرینێک هەیە. لە کاتێکدا کە ڕاپەڕینەکانی ڕابردوو لە ماوەیەکی کورتدا سەرکوت کران، بەڵام دەبینرێت کە ئەمجارە رژێمی ئێران سەرەڕای هەوڵە زۆرەکانی نەیتوانیوە ئەنجام بەدەست بهێنێت و راپەرینەکە هەموو ئێرانی گرتەوە. ئەگەری گۆڕانکاری لە ئێران چۆنە و چۆن کاریگەری لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت؟
چۆمسکی: کەس بە تەواوی نازانێت. راپەڕینی ئەم جارە لە راپەڕینەکانی پێشوو کە سەرکوتکرابوون، لە رووی قەبارە و چڕی و قووڵاییەوە تێدەپەڕێنێت. بەڵام نابێت لەبیرمان بچێت کە هەموو دانیشتووانی ئێران ناگرێتەوە. ڕەنگە تاوەکو ئێستاش ناوچە دواکەوتوەکان و چینی بنئاژۆخوازان پشتگیری لە رژێم بکەن. نازانرێت دەسەڵاتی توندی ئایینی تا چی رادەیەک پەنا بۆ توندوتیژی دەبات. لێرەدا شایەنی بیرهێنانەوەیە کە شای ئێرانیش بەهۆی دوودڵی و ناکارامەیەوە لە بەرکارهێنانی ئامرازی توندوتیژی شکستی هێنا. ئەگەر ڕاپەڕینەکە سەرکەوتوو بێت، دەکرێت کاریگەریەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێمەکانی دیکەی جیهانیش دەربکەون. لە ئێستاوە کاریگەریەکانی دەرکەوتووە و جگە لەوەی پشتگیری جیهانی وەرگرتووە، هەروەها ئیلهامبەخش بووە بۆ زۆر کەس کە وڵاتەکانیان هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێن.
پرسیار: ئایا پێتان وایە کە هاوشێوەی رۆژئاڤای کوردستان، لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەزمونێکی نوێ سەرهەڵبدات؟ چونکە لە رابردوودا کۆماری مەهابد لە ساڵی ١٩٤٦ دامەزرێنرا، بەڵام بە شێوەیەکی تراژیدی کۆتایی پێهێنرا. ئایا بە گۆڕانکاریەکانی ئەمجارەی ئێران، دەرگایەکی نوێ بۆ رۆژهەڵات، هاوشێوەی رۆژئاڤا دەکرێتەوە؟
چۆمسکی: هەمیشە هێزێکی شاراوە هەیە نابێت دەستبەرداری خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافەکان ببن. پرسی سەرەکی ئێستا، پاراستنی ئەو دەستکەوتانەیە کە تا ئێستا بەدەست هاتوون. کشانەوەی شەرمەزاری ئەمریکا لەسەردەمی ترەمپدا لە رۆژئاڤا ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی تورکیا هێرشە خوێناویەکانی لە سوریا فراوانتر بکات و ڕۆژئاڤای ناچار کرد، لەگەڵ دوژمنە تاڵەکەی (ئەسەد) هەندێک رێککەوتن بکات. تورکیا ڕۆژ بە ڕۆژ هێرشەکانی دژ بە پەکەکە لە کوردستان چڕتر دەکاتەوە. ئاماژەی سنوردار هەیە کە رۆژهەڵاتیش بتوانێت پێگەیەکی هاوشێوەی رۆژئاڤا بەدەست بهێنێت کە روبەروی هێرشی سەخت بووەتەوە.
پرسیار؛ ئۆجەلان ٢٤ ساڵە لەژێر گۆشەگیریدایە و لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە هیچ شێوەیەک چاوپێکەوتنی لەگەڵدا ئەنجام نەدراوە. راتان لەبارەی ئازادی چییە کە بیرۆکەکانی لە ڕۆژئاڤا بووەتە مۆدێلێکی بەڕێوەبەری و ژن و ئیکۆلۆژی لە ناوەندی بیرۆکەکەیدا؟
چۆمسکی: ئۆجەلان دەبێ دەستبەجێ لەم دیلێتییە ئازاد بکرێت کە تەنیا دەکرێ بە نامرۆڤانە وەسف بکرێت. بیرۆکەکانی ئۆجالان ئیلهامبەخش بوون، بۆ دەستکەوت و پێشهاتە سەرنجڕاکێشەکانی ڕۆژئاڤا، بەڵام وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر دەسەڵاتە ناشەرعییەکانی هەموو ڕژێمە تاکڕەوەکان ناوچەکەدا، دەبینرێت.