ژیری دەستکرد ئەگەر وریای نەبین مەترسییەکی گەورەیە بۆ مرۆڤایەتی، رەنگە روبەڕوی هەڵخەڵەتاندن ببینەوە و بکەوینە داوی ژیری دەستکرد، دوایین هەڵخەڵاتاندنی ژیری دەستکرد ساختەکردنی دەنگی رەجەب تەیب ئەردۆغان بووە، کە کەسێک بە بەکارهێنانی ژیری دەستکرد دەنگی خۆی گۆڕیوە بۆ ئەردۆغان و پەیوەندی بە بازرگانان و بەرپرسان کردووە.
هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کەسێکیان دەستگیرکرد، کە لە رێی ژیری دەستکردەوە دەنگی خۆی گۆڕیوە و ویستوویەتی فێڵ لە بازرگانان و بەرپرسانی دەوڵەت بکات، دەزگاى هەواڵگری تورکیا “میت” توانیویانە شوێنی کەسەکە دیاری بکەن و دواتر دەستگیربکرێت.
تۆمەتبارەکە پەیوەندییەکانی لە رێگەی 10 ژمارەی پەیوەندی جیاواز کردووە، کە بە ناوی کەسانی بیانی بوون، لە رێگەی یەکێک لە بەرنامەکانی ژیری دەستکرد دەنگی خۆی کردووە بە سەرۆککۆماری تورکیا و پەیوەندی بە چەند بازرگانێکیشەوە کردووە.
دەسەڵاتدارانی تورکیا داوا دەکەن هاوڵاتیان هۆشیار بن لەم جۆرە بابەتانە کە دەچنە چوارچێوەی تاوانی ئەلکترۆنیەوە.
لە ماوەی رابردوودا کەسێک لە پەکین لە رێگەی ژیری دەستکردەوە شێوەی خۆی کرد بەشێوەی هاوڕێی پیاوێکی بازرگان، لە رێگەی پەیوەندی ڤیدیۆیی داوای بڕێک پارەی لە بازرگانەکە کردووە، بازرگانەکەش بڕی چوار ملیۆن و 300 هەزار یوان (614.8 هەزار دۆلار)ی حەواڵە کردووە بۆ هەڵخەڵەتێنەرەکە، دواتر بازرگانەکە پێی زانیوە و پەیوەندی بە پۆلیسەوە کردووە.
پۆلیس تەنها توانیویەتی پرۆسەی حەواڵەکردنەکە بوەستێنێت و بەشێک لە پارەکە بگەڕێنێتەوە بۆ بازرگانەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا ناسنامەی ئەو کەسە نەدۆزراوەتەوە کە کارەکەی ئەنجام داوە.
مەترسییەکە فراوان دەبێت
عومرو فاروق، پسپۆڕی بواری ئاسایشی زانیاری و تەکنەلۆجیا بە سکای نیوزی راگەیاندووە، ئێستا ژیری دەستکرد مەترسیە بۆ مرۆڤایەتی، لە سەرجەم بوارەکانی کار و وەبەرهێنان و پەروەردە و تەندروستی و داتاکان.
پسپۆڕەکە دەڵێت، پرۆسەی گۆڕینی ناسنامە بە دەنگ و شێوە، ئەو بوارەی ژیری دەستکردە کە هەڕەشەیە بۆ جیهان، بەدەر لەوە ژیری دەستکرد وەک زیادکردنی توانا و وزەی مرۆڤایەتیە.
موهەنەد حافز ئۆغلۆ، یەکێکە لە شیکەرەوە سیاسیەکانی تورکیا و دەڵێت، ژیری دەستکرد رۆژ بە رۆژ کۆنترۆڵمان دەکات، ئەگەر سنورێکی بۆ دانەنرێت پەرەسەندنی مەترسیدار دەبینین لە نێوان دەوڵەتەکان.