نیاز دەرگەڵەیی ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی کاتژمێر 8ی ئێوارە لە باخەکەی خۆیدا لە سنوری رانیە کوژراوە.
هیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین بە زوومی گوت، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکە نیاز دەرگەڵەیی کوژراوە و دەزگا ئەمنییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە رووداوەکە.
کەسوکاری نیاز دەرگەڵەیی دەڵێن، نزیک شوێنی رووداوەکە کامێرای چاودێری لێ بووە، بەڵام باخەکەی خۆی کە شوێنی روداوەکەیە کامێرای لێ نەبووە.
شوێنەواری سێ گولە بە سەری نیاز دەرگەڵەییەوە بووە
بە گوێرەی زانیارییەکانی زووم، شوێنەواری سێ گولە بە سەری نیاز دەرگەڵەییەوە بووە.
کەسوکاری نیاز دەرگەڵەیی رووداوەکە بە “تیرۆر” دەزانن، بەڵام گومانیان لەکەس نییەو خۆیان دەڵێن کێشەی کۆمەڵایەتیان لەگەڵ کەسیشدا نەبووە.
هەر لەبارەی رووداوەکەوە بەرپرسان و ئۆرگانەکانی یەکێتی قسەیان کردووە، ئەحمەد زرار بەرپرسی مەڵبەندی راپەڕینی یەکێتی بە میدیای حزبەکەی گوتوە روداوەکە پلان بۆ داڕێژراو و تەمومژاوییە
بەرپرسی مەڵبەندی راپەڕینی یەکێتی کوژرانی نیاز دەرگەڵەیی بە “تیرۆر” ناودەبات و دەڵێت، دەزگا ئەمنییەکانمان راسپاردووە بکەرانی رووداوەکە بدۆزنەوە.
نیاز دەرگەڵەیی لە کۆنگرەی سێیەمی یەکێتی و لە 2010 بووە بە ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی.
لە کۆنگرەی چوار خۆی بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەڵبژارد و دەرنەچوو
پێشتر قایمقامی رانیە بووە، پلە سەربازییەکەی لیوا بووە.
دەرگەڵەیی کادری پارتی بووە، بەڵام لە ساڵانی نەوەدەکان چووتە ناو ریزەکانی یەكێتیەوە.