زووم..
وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاند، کەلوپەلەکانى پاڵاوگەى بێجى لە هەرێمى کوردستان بوون و بە هەماهەنگى هەموو لایەک گەڕێنرانەوە بەبێ ئەوەى هیچ بڕە پارەیەک بە هیچ لایەنێک بدرێت. پێشتریش سودانى گوتبووى کەلوپەلەکان “دزراون” و لە هەرێمى کوردستان بوون.
وەزارەتى نەوتى عێراق لە راگەیەنراوێکدا دەشڵێت، گەڕانەوەى ئەم کەلوپەلانە پرۆسەى خستنەوە کارى پاڵاوگەى بێجى خێراتر دەکەن و ئەگەر دوابکەوێت عێراق زیانێکى زۆرى بەردەکەوێت.
رۆژى چوارشەممە سودانى سەردانى قەزاى بێجى کرد و رایگەیاند، بڕێکی زۆر لە ئامێر و پارچە دزراوەکانی پاڵاوگەی باکوری بێجی-یان گەڕاندووەتەوە کە پێشتر لە کاتی داعش لە ناوچەکە دزراون و لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بوون.
سودانى راشیگەیاندبوو، بەمنزیکانە پاڵاوگەی بێجی دەکەوێتەوە کار و لە سەرەتادا رۆژانە 150 هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت کە ئەوەش نیوەى تواناى راستەقینەى خۆیەتى.
سودانى ئاماژەى بەوەشدابوو بە کەوتنەوە کارى پاڵاوگەى بێجى ئیدى عێراق پێویستى بەوە نابێت سوتەمەنى لە دەرەوە هاوردە بکات.
پاڵاوگەى بێجى گەورەترین پاڵاوگەى عێراقە و تواناى پاڵاوتنى زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل نەوتى هەیە لە رۆژێکدا، بەڵام لە شەڕى داعشدا زیانى زۆرى بەرکەوت و بەهۆیەوە لەکارکەوت.