زووم، فرانس پرێس
داواکارى گشتى فەرەنسا چوار کەسی بیانى تۆمەتباردەکات، بە هۆکارى رووداوى ژێرئاوکەوتنى بلەمەکەى کەناڵی ئینگلیز، لەنێوان فەرەنسا و بەریتانیا، تۆمەتبارەکان دەستگیرکراون.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، ئەو چوار کەسەى تۆمەتبارکراون، دوانیان عێراقین و دوانەکەى دیکە سودانین.
بەرەبەیانى رۆژى 8ـى ئاب، بەلەمێکى کۆچبەران لە کەناڵى ئینگلیز، کە لە فەرەنسا و دەچوو بۆ بەریتانیا بە 65 کۆچبەرەوە ژێرئاوکەوت، 59 کۆچبەریان رزگارکران و شەش کۆچبەریش گیانیان لەدەستدا.
بەگوێرەى راپۆرتێکى رۆژنامەى لۆمۆندى فەرەنسی، ئەو شەش کۆچبەرەى گیانیان لەدەستداوە ئەفغانی بوون.
دەسەڵاتدارانى فەرەنسا دەڵێن، کۆچبەرەکانى نێو بەلەمەکە زۆرینەیان ئەفغانى بوون، لەگەڵ هەندێک سودانى، کە منداڵیشیان تێدابوو.
ئاژانسی فرانس پرێس لە زارى بەرپرسانى فەرەنساوە دەڵێت، ئەو چوار کەسەى لەپاش رووداوەکە لەلایەن فەرەنساوە دەستگیرکراون، بەتۆمەتى کوشتنى نا ئەنقەست تۆمەتبارکراون، تۆمەتبارەکان روبەڕووى تۆمەتى پیلانگێرى تاوانکارى بە کۆچبەرانى نایاسایی دەکرێنەوە، گومانیش دەکرێت دوو عێراقییەکە سەر بە تۆڕێکى بازرگانى بە مرۆڤ بن.
رۆژى 14ـى ئەم مانگە رۆژنامەى تایمزى بەریتانی ئاشکرایکرد، شەوی سێشەممە لە کەمپی دانکیغی فەرەنسا ئامادەکاری بۆ گەشتەکە کراوە، لەکاتێکدا کەشوهەوا لەبارنەبووە و بایەکی بەهێز هەبووە، شەپۆلێکی زۆر لە دەریاکەدا هەبووە. بەڵام قاچاغچییەکان سووربوون لەسەر گەشتەکە و بەلەمەکەیان خستووەتە ئاوەوە.
کۆچبەرێکی ئەفغانی، کە لە رووداوەکەدا رزگاری بووە بە رۆژنامەکەی گوتبوو، چەند کۆچبەرێکی ئەفغانی دەیانویست شوێنی ئەوانیش لەنێو بەلەمەکەدا بکرێتەوە، بەوهۆیەوە شەڕ لەنێوان کورد و ئەفغانییەکاندا روویدا.
بەگوێرەى رۆژنامەکە بەلەمەکە لەلایەن باندێکى قاچاخچى کوردەوە دابینکرابوو. دەڵێت، پێش ئەوەی کۆچبەران گەشتەکە دەستپێبکەن دەنگی شەڕە تەقە بیستراوە.
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى ناوخۆى بەریتانیا تەنها لە رۆژی سێشەممەدا، زیاتر لە 500 کۆچبەر لە رێگەی کەناڵی ئینگلیزەوە خۆیان گەیاندووتە بەریتانیا. واتە ئەو رۆژەى بەلەمەکە ژێرئاوکەوت.
بەریتانیا روبەڕووی کێشەی دابینکردنی شوێنی حەوانەوەی کۆچبەران بووەتەوە و چەندین هەوڵی بۆ ناردنی پەناخوازان بۆ روواندا تاوەکو ئێستا شکستیهێناوە.
لێشاوى کۆچ بۆ بەریتانیاش راناگیرێت، ساڵى رابردوو گەیشتە لوتکە، کە زیاتر لە 40 هەزار کۆچبەر روویان لە وڵاتەکە کردبوو.