زووم، ئاژانسەکان:
پلەکانى گەرما لەمساڵدا لە مێژووى مرۆڤایەتیدا هاوشێوەى نەبووە، بەڵام ساڵى داهاتوو گەرمتر دەبێت. دوایین راپۆرتى ناسا ئەم هۆشدارییەی بە مرۆڤایەتی داوە.
ئاژانسی ناسای ئەمریکی رایگەیاند، پلەکانی گەرما لە مانگی تەمموزی ئەمساڵ ئاستی پێوانەییان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تۆمارکردووە، تەمووز گەرمترین مانگ بووە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، کە تاوەکو ئێستا پلەکانی گەرمای لەدوای ساڵی 1880ەوە تێدا تۆمارکرابێت.
بیڵ نێڵسۆن، بەڕێوەبەری ناسا دەڵێت، داتاکانی ناسا پشتڕاستی دەکەنەوە، کە ملیاران کەس لە جیهاندا لە مانگی رابردوودا هەستییان بەچی گەرمایەک کردووە.
پلەکانی گەرما لە 3ـى تەمموز بۆ 7ـی ئاب بەرزترین ئاستیان تۆمارکردووە، بەرارورد بە ساڵانی رابردوو، بەڵام ساڵى 2024 گەرمتر دەبێت.
لە گەرمبوونى زەوی و گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا وڵاتانى خاوەن پیشەسازى بە هۆکار دەزانرێن، نەتەوەیەکگرتووەکان ساڵانێکە داواى بەرەنگاربوونەوەى گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا دەکات، ئەوەش بە کەمکردنەوەى دەردانى گازى زیانبەخشتى ناوەندە پیشەسازییەکان.
ئاژانسى ناسا دەڵێت، بەهۆی ئەو گازە زۆرەی مرۆڤ خستویەتییە بەرگە هەوا و گۆڕانکارییەکانی ئاراستەی با لەسەر زەریای هێمن، چەند مانگێکە خەڵکى روبەڕووی شەپۆلێکی راستەوخۆی سەختی گەرما بوونەتەوە.
هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی کەشوهەوا کە لە ئێستادا روودەدەن لە چوارچێوەی گۆڕانی 1.1 پلەی سلیزییدایە، لە تێکڕای پلەکانی گەرمای گۆی زەوی بەراورد بە سەردەمی شۆڕشی پیشەسازیی لە ساڵانی 1880ەوە.
واتا ئەو گۆرانکارییانە تەنها بە بەرزبوونەوەی 1.1 پلەی سلیزی لەوکاتەوە تا ئێستا روودەدەن، ئەمەش لەکاتێکدایە هێشتا بەرزبوونەوەی 0.4 پلە ماوە بگاتە ئاستی 1.5 پلە، کە نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریی لەبارەوە دەدات.
عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەى زۆرترین کاریگەرى گۆڕانکارییەکانى کەشوهەواى لەسەرە، رۆژانە پلەى گەرمی زۆرینەى شارەکانى لە سەروى 50 پلەوەیە و بەزرترینى ئاستى جیهانە.
بەگوێرەى راپۆرتى تازەى نەتەوەیەکگرتووەکان ساڵانە 400 هەزار دۆنم زەوی لە عێراق دەبێتە بیابان و تا دێت گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا کاریگەرى زیاتر لەسەر عێراقییەکان دادەنێت.