فەرمانگەى میدیا و زانیارى رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 28 لیوا یەک خراونەتەوە و بەمنزیکانە دوو لیواى دیکەش یەک دەخرێنەوە> لیواکانى 26 و 28 و 30 کە هەفتەى رابردوو خرانە سەر میلاکى وەزارەتى پێشمەرگە، ژمارەیان پێنج هەزار و 400 ئەفسەر و پێشمەرگەیە و لە هێزەکانی یەکەی 70 دروستکراون، ئێستا لەژێر سەرپەرشتیی فیرقەی دووی سەرۆکایەتیی ئەرکان کۆکراونەتەوە.
بەگوێرەى راگەیەندراوێکى فەرمانگەى میدیا و زانیارى، لیواکانى 25 و 27 ئێستا لەنێو پرۆسەى یەکخستنەوەدان و 90% کارەکانیان تەواوبووە، بەمنزیکانە دەخرێنە سەر میلاکى وەزارەتى پیشمەرگە.
لیوا حیکمەت عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری تاکەکان و خۆبەخشەکانە لە وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، لە کابینەى نۆیەمدا 10 لیوا یەکخراونەتەوە، جگە لەو دوو لیواى دیکە کە زۆرینەى کارەکانیان تەواوبووە.
ئەو دەڵێت، لە رێگەی لیژنەكانى وەزارەتەوە، چاوپێكەوتن لەگەڵ تەواوی ئەو هێزانە دەكەین كە دەگوازرێنەوە بۆ سەر میلاكی وەزارەتى پێشمەرگە.
ئەوانەی مامەڵەی خانەنشینییان بۆ دەكرێت جیا دەكرێنەوە، ئەوانەشی بریندار یان پەككەوتوون، دەنێردرێن بۆ لیژنەی پزیشكی و بە هەمانشێوە لە یەكەكانی خۆیان مامەڵەی پەككەوتەیی یان بریندارییان بۆ دەكرێت، ئەوانەی شیاوی خزمەتی سەربازین، رێکدەخرێن و دەگوازرێنەوە بۆ سەر میلاكی وەزارەتی پێشمەرگە.
لیوا حیکمەت عومەر دەڵێت، بۆیە تەواوكردنی پرۆسەى چاکسازی كاتی پێویستە.
پرۆسەى یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە داواکاریی روونى هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانى هەرێمى کوردستانە، بەتایبەتى دواى سەرهەڵدانى ناکۆکییەکانى ئەمدواییەى نێوان پارتى و یەکێتى لەنێو وەزارەتى پێشمەرگە، داواکارى بۆ یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە و دورخستنەوەى دەستوەردانى حزبی زیاتر بووە.
لیوا حیکمەت عومەر رایگەیاند، پرۆسەى چاکسازى لەژێر سەرپەرشتى هێزەکانى هاوپەیمانان و وەزارەتى پێشمەرگە و بەگوێرەى ئەو پلانەى بۆى دانراوە تاوەکو ساڵى 2026 کاتمان هەیە بۆ ئەوەى هێزەکانى 70 و 80 بخەینە سەر وەزارەتى پێشمەرگە.
دوێنێ شاندێکى باڵای فەرماندەیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا گەیشتە هەرێمى کوردستان و بەجیا لەگەڵ مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکوەزیران و مەسعود بارزانى، سەرۆکى پێشوى هەرێمى کوردستان کۆبووەوە.
مەسرور بارزانى رایگەیاند، تەوەرى سەرەکی کۆبوونەوەکەمان، تایبەت بوو بە بەردەوامبوونی پرۆسەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە و نەهێشتنی هەموو کێشە و بەربەستەکان لە بەردەم یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و نەهێشتنی هەموو جۆرە دەستوەردانێکی حزبی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.
هاوکات قوباد تاڵەبانى دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ شاندەکە رایگەیاند، لەگەڵ شاندى باڵای هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا هەردوولا هاوڕابووین لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی قۆناغ بە قۆناغی پڕۆژەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەو شێوەیەی پلانی بۆ دانراوە.
گوتى، جەختیشم کردەوە لەسەر دوورخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە لە ململانێ و ناکۆکییە سیاسییەکان تاوەکو هەنگاوەکانی چاکسازی بەشێوەیەکی خێراتر و باشتر بەڕێوەبچێت.
باسکردن لە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە لایەن مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانییەوە لەکاتێکدایە مانگى رابردوو چەند نوسراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوکراونەتەوە و باسیان لە خراپی دۆخی وەزارەتەکە کرد.
ئەوەی لەنێو وەزارەتی پێشمەرگە روودەدات کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و لەبارەی نوسراوەکانەوە ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ زوومدا رایگەیاندبوو، هەرچی کراوە بۆ یەکختنەوەى هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازی، لەم چەند مانگەدا تێکدراوە و دۆخێكی وا دروستکراوە هاوپەیمانان بڕوایان بە دەسەڵات نەماوە.
جەبار یاوەر گوتیشی، ئەگەر پارتی و یەكێتی جدی نەبن لە یەکخستنەوەى هێزەکانی پێشمەرگە، هاوپەیمانان جێمان دێڵن و هێزەکانی پێشمەرگەش دەخرێتە سەر وەزارەتی بەرگری عێراق ئەوکاتە هەرێمی کوردستان لە دەست دەدەین.