زووم،رۆژنامەى تایمز
رۆژنامەی تایمزی بەریتانی لە راپۆرتێکدا باس لە وردەکارییەکانی رووداوی ژێرئاوکەوتنى بەلەمەکەی کۆچبەران دەکات، کە بەرەبەیانی رۆژی شەممە لە سنوری ئاویی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا ژێرئاوکەوت و بەهۆیەوە شەش کۆچبەر گیانیان لەدەستدا. رۆژنامەکە دەڵێت، بەلەمەکە لەلایەن باندێکی قاچاغچی کوردەوە دابینکراوە و پێش ئەوەی کۆچبەران دەست بە گەشتەکەیان بکەن دەنگی شەڕە تەقە بیستراوە.
بەگوێرەى راپۆرتەکە شەوی پێشووتر لە کەمپی دانکیغی فەرەنسا ئامادەکاری بۆ گەشتەکە کراوە، لەکاتێکدا کەشوهەوا لەبارنەبووە و بایەکی بەهێز هەبووە، شەپۆلێکی زۆر لە دەریاکەدا هەبووە. بەڵام قاچاغچییەکان سووربوون لەسەر گەشتەکە و بەلەمەکەیان خستووەتە ئاوەوە.
کۆچبەرێکی ئەفغانی، کە لە رووداوەکەدا رزگاریی بووە بە رۆژنامەکەی گوتووە، چەند کۆچبەرێکی ئەفغانی دەیانویست شوێنی ئەوانیش لەنێو بەلەمەکەدا بکرێتەوە، بەوهۆیەوە شەڕ لەنێوان کورد و ئەفغانییەکاندا روویدا.
شەڕەکە ئەوکاتە روویداوە کۆچبەران بینیویانە بەلەمەکە زۆر قەرەباڵغە و نزیکەی 60 کۆچبەری هەڵگرتووە.
لە رووداوەکەدا شەش کۆچبەر گیانیان لەدەستدا و دەگوترێت دوانی دیکەش بێسەروشوێنن. بە گوتەی بەرپرسانی فەرەنسا، زۆرینەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە کۆچبەری ئەفغانین و تاوەکو ئێستا ناسنامەی کۆچبەرەکانی دیکە ئاشکرا نەکراوە.
چەند سەرچاوەیەک بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە، “بەرپرسانی فەرەنسا کەمتەرخەم بوون لە بەهاناوەچوونی کۆچبەرە لێقەوماوەکان”، چونکە یەکەم بەلەمی فریاگوزاریی 15 خولەک دوای رووداوەکە گەیشتووەتە شوێنی روداوەکە لەکاتێکدا شوێنی ژێرئاوکەوتنى بەلەمەکە تەنها هەشت کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی فەرەنساوە دووربووە.
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، تەنها لە رۆژی سێشەممە، ئەو رۆژەی کە رووداوەکە تێیدا رویداوە، زیاترە لە 500 کۆچبەر لە رێگەی کەناڵی ئینگلیزەوە خۆیان گەیاندووتە بەریتانیا. ئەمەش لە کاتێکدایە وڵاتەکە لە ئێستادا روبەڕووی کێشەی دابینکردنی شوێنی حەوانەوەی کۆچبەران بووەتەوە و چەندین هەوڵی بۆ ناردنی پەناخوازان بۆ روواندا شکستیهێناوە.