پڕۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایکرد، عێراق ساڵانە 400 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی لەدەست دەدات بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە.
ئاوکی لوتسما، نوێنەری بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق بە رۆژنامەی سەباحی فەرمی رایگەیاند، “عێراق لە ڕیزبەندی پێنجەم وڵاتی جیهاندایە کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە” و دەشڵێت، پلەکانی گەرما لە عێراق بە ڕێژەی 2 بۆ 7 پلە زیادی کردووە کە زیاترە لە ئاستی پێوانەیی.
باسی لەوەشکرد کە “ناوچەی تاڵاوەکان زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە و زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، لەم ساڵانەی دواییدا پلەکانی گەرما گەیشتووەتە 55 پلەی سیلیزی، ئەوەش مەترسییەکانی زیاتر کردووە.”
ئاوکی لوتسما گوتیشی، وەرزی بارانبارین لە عێراق لە ساڵەکانی 2020 بۆ 2021 وشکترین و کەمترین بوو لە 40 ساڵی رابردوودا، ئەوەش بووەتەهۆی نزمبوونەوەی بەرچاوی ئاوی دیجلە و فورات بەڕێژەی 29% بۆ 73%، بۆیە بڕی ئاوی کەمکردووەتەوە.
روونیشیکردەوە کە “گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا هەر لە وشکبوونی تاڵاوەکان و بەبیابانبوون، عێراقی کردووەتەوە یەکێک لە زیاندمەندترین وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەڕووی شەپۆلەکانی خۆڵ و تەپوتۆز.”
ئاوکی لوتسما جەختیشی کردەوە کە “پرۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان لە عێراق لەگەڵ حکومەتی عێراق کاردەکات لە بواری گۆڕانکاری کەشوهەوادا و پشتیوانی لێدەکات، چونکە دەزانین گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا هەڕەشەی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر وڵات و دەبێتەهۆی کەمی ئاو، زیادبوونی زریانی تۆز و خۆڵ، شەپۆلی گەرمای بەتین، بیابانبوون، نەبوونی ئاسایشی خۆراک و تێکچوونی بایۆلۆجی زەوی، وەک چۆن عێراق ساڵانە نزیکەی 400 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی لەدەست دەدات.”
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا کە پاڵپشتی زۆرێک لە وەزارەتەکانی عێراق وەک ژینگە، سەرچاوە ئاوییەکان، پلاندانان و کارەبا دەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کردەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا لە چەند ئاستێکدا.