بەگوێرەى کارنامەى دانیشتنى ئەمڕۆ، دووشەممەى دادگاى فیدراڵى، لە دانیشتنەکەدا لەبارەى سێ سکاڵا لەسەر حکومەتى هەرێمى کوردستان و سکاڵایەک لەبارەى کوردانى فەیلى گفتوگۆ دەکات.
▪️سکاڵای یەکەم، رێبوار ئەوڕەحمان، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى نەوەى نوێ، لەسەر مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان و ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایی هەرێمى کوردستان دژى راگرتنى پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران تۆماری کردووە.
لەبارەى سکاڵاکەى رێبوار ئەوڕەحمان، دانیشتنى یەکەمى دادگاکە بەڕێوەدەچێت.
▪️سکاڵایەکى دووەم، لەلایەن سعود سەعدون ساعدى پەرلەمانتارى عێراق لەسەر مەسرور بارزانى تۆمارکراوە، دژى بەناچارى پاشەکەوتى موچەى فەرمانبەران.
لەبارەى سکاڵاکەى سعود سەعدون ساعدى، دانیشتنى یەکەمى دادگاکە بەڕێوەدەچێت.
▪️سکاڵاى سێیەم، لەلایەن سادق عەلی ئەسغەر حوسێنی، نێردەی نێودەڵەتی باوەڕپێکراو لە عێراق و سەنتەری پزیشکیی دەستنیشان کردن لەسەر وەزیرى دارایی هەرێم، بەڕێوەبەرى گشتى گومرگى هەرێم، سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم و سەرۆکى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە بەغداد تۆمارکراوە.
ناوەرۆکى سکاڵاکە لەبارەى رێگری حکومەتى هەرێمە لە هێنانى کەلوپەلى پزیشکى و پێداویستى تەندروستى لەلایەن نوێنەرایەتییەکەوە.
▪️سکاڵاى چوارەم، لەلایەن پارێزەر سوهام لوتف عەلى میرزا، لەسەر محەمەد حەلبوسى، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق تۆمارکراوە.
سکاڵاکار داواى پابەنکردنى سەرۆکى پەرلەمان دەکات بۆ تەرخانکردنى پێنج کورسی پەرلەمانى عێراق و پێنج کورسی ئەنجومەنى پارێزگاکان بۆ پێکهاتەى کوردانى فەیلى هاوشێوەى کریستیانەکان، بەگوێرەى هەموارى یاساى هەڵبژاردنەکان.