زووم:
تادێت کاردانەوەکان بەرامبەر هۆشدارییەکەی ئەمینداری پێشووی پێشمەرگە زیاتر دەبێت کە گوتبووی پێشمەرگە یەکنەگرێتەوە هاوپەیامانان دەکشێنەوە.
کاردانەوەکان بەجۆرێک بوون کە وەزارەتی پێشمەرگە بە فەرمی وەڵامی جەبار یاوەری دایەوە و رایگەیاند هاوکاری هاوپەیمانان بەردەوام دەبێت.
نزیکەی دوو هەفتەیە هەریەکە لە مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی کە دوو بەرپرسی باڵای حکومەتن، بەروونی باس لە کێشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و مەترسیەکان دەکەن
ئەمڕۆش مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی هاوپەیماناندا رایگەیاند تاوتوێی رێگرییەکانی بەردەم یەکگرتنەوەی پێشمەرگەمان کردووە.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە مەسرور بارزانی خۆی بڵاویکردوەتەوە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بووە بە بەردەوامبووانی پرۆسەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە و چارەسەرکردنی کێشە و بەربەستەکان لە بەردەم یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێم دەڵێت، لەکۆبوونەوەکەدا باسیان لە نەهێشتنی هەموو جۆرە دەستوەردانێکی حزبی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا کردووە.
گوتەکانی مەسرور بارزانی لەکاتێکدایە کە دوو هەفتە بەر لە ئێستا جەبار یاوەر ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشەرگە لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ زوومدا ئاشکرایکرد، ئەگەر هێزەکانی پێشمەرگە یەکنەگرنەوە هاوپەیمانان دەکشێنەوە.
جەبار یاوەر گوتبووی، ئەگەر هێزەکانی پێشمەرگە یەکنەگرنەوە لە قۆناغی یەکەمدا هاوپەیمانان هاوکارییەکان دەبڕن و لە قۆناغی دووەمیشدا لە کوردستان دەکشێنەوە.
دوابەدوای قسەکانی جەبار یاوەر و یەک نەگرتنەوەی هیزەکانی پێشمەرگە قوباد تاڵەبانی هاتە دەنگ و دواخستنی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی بە کارێکی “مەترسیدار” بۆ سەر هەرێمی کوردستان وەسفکرد
هەفتەی رابردووش قوباد تاڵەبانی جیگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە کۆبوونەی لەگەڵ ژمارەی لە ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەکردبوو، بەڵێنیان بە هاوپەیمانان داوە پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە جێبەجێبکەن و لێپرسینەوەش لە هەر بەرپرس و پلەدارێک دەکەن کە کەمتەرخەم بێت لە بەردەم پرۆسەی یەکگرتنەوەی پێشمەرگەدا.