دوای ئەوەی دەرەنگی شەوی رابردوو ویلیام لای جێگری سەرۆکی تایوان بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەمریکا، وەزیری بەرگریی چین ئیدانەی سەردانەکەی کرد و ویلیامی بە دروستکەری کێشە ناوبرد و رایگەیاند، چین هەنگاوی توند دەگرێتبەر بۆ پاراستنی سەروەریی خاکەکەی.
چین، کە تایوان وەک سنوری خۆی دادەنێت، پێی وایە نابێت بەرپرسانی دورگەی تایوان سەردانی ئەمریکا بکەن و سەردانی سەرجەم “جوداخوازە سەربەخۆکانی تایوان” ئیدانە دەکات.
وەزارەتی بەرگریی چین رایگەیاند، “تایوان ناوەڕۆکی بەرژەوەندییەکانی چینە و راستییەکان دووبارە ئەوە نیشان دەدن، کە هۆکاری سەرجەم گرژییەکانی گەرووی تایوان ئەوەیە، کە تایوان دەیەوێت بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی پشت بە ئەمریکا ببەستێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە چین لە نزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکان دەکات و رێکاری توند و بەهێز دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی بەرگریی لە سەروەریی نیشتیمانی و یەکییەتی خاکەکەی بکات.
هۆکاری نیگەرانییەکانی چین لە سەردانی جێگریی سەرۆکی تایوان ئەوەیە، کە ئەو جێگرە لە خودی سەرۆکی تایوان زیاتر باسی سەربەخۆیی کردووە و وەک بەشێک لە چین هەژماری ناکات.
ویلیام کە دکتۆرێکی دەرچووی زانکۆی هارڤاردە، پێشتر خۆی وەک کرێکارێکی کرداریی سەربەخۆیی تایوان ناساندبوو و ئەم هەفتەیەش دووپاتیکردەوە کە تایوان بەشیک نییە لە کۆماری گەلی چین.
بەرپرسانی تایوان دەڵێن پێدەچێن چین ئەم هەفتەیە چەند مەشقێکی سەربازیی لە نزیک تایوانەوە ئەنجامبدات و بۆ ئەم مەبەستەش سەردانەکەی ویلیام وەک بیانوویەک بەکاردەهێنێت.
سەردانەکانی ویلیام بۆ ئەمریکا لەکاتێکدایە، کە چین و ئەمریکا دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان بەرەوپێشەوە ببەن. یەکێک لەو هەوڵانەش سەردانێکی وەزیری دەرەوی چین وانگ ییە بۆ واشنتن، کە بڕیارە رێگە بۆ کۆبوونەوەیەکی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا و شی جینپینگی سەرۆکی چین خۆشبکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە چین لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا چالاکییە سەربازییەکانی لەدەوروبەری تایواندا زیادکرووە و لە هەوڵدایە کە دورگەکە بە زەبری هێز وەک بەشێک لە خاکی چین بناسێنێت.