ئەمڕۆ ئەو کەشتییە چۆڵدەکرێت، کە لە بەریتانیا بۆ نیشتەجێکردنى کۆچبەران ئامادەکرابوو. هەموو ئەو کۆچبەرانەشى بۆ نێو کەشتییەکە هەفتەى رابردوو نێردرابوون، دەگوازرێنەوە بۆ هۆتێلەکان.
هۆکارى چۆڵکردنى کەشتییەکە بوونى جۆرێکی بەکتریایە لەنێو سیستمی ئاوى کەشتییەکەدا.
ئامانجى وەزارەتى ناوخۆى بەریتانیا لە ناردنى کۆچبەران بۆ نێو کەشتییەکە، کەمکردنەوەى خەرجی کۆچبەرانە لەنێو هۆتێلەکان.
هەفتەی رابردوو وەزارەتەکە بۆیەکەمجار 39 کۆچبەرى گواستەوە بۆ نێو کەشتییەکە، کە لە کەناراوەکانی باشوری بەریتانیا لەنگەرى گرتووە.
ئەو بەکتریایەی لەنێو ئاوی کەشتییەکەدا دۆزراوەتەوە مەترسی لەسەر کۆئەندامی هەناسەدان دروستدەکات و سییەکان توشی هەوکردن دەکات. زۆربەی ئەوانەى توشی نەخۆشییەکە دەبن، کە ناوی لێگیۆنایرەسە، بەتەواوی چاکدەبنەوە، بەڵام 10%ی حاڵەتەکان کوشندەن.
یەکێک لەو کۆچبەرانەی لە کەشتییەکەوە بۆ هۆتێلێک گوازراوەتەوە بە بی بی سى گوتووە، چەند هاورێیەکم توشی ئاوسانی قورگ بوون و خۆشم کێشەی هەناسەدانم بۆ دروستبووە.
ئەو دەڵێت، نامەیەکم لەلایەن وەزارەتى ناوخۆوە پێگەیشتووە دوای هەفتەیەکی دیکە دەمانگەڕێننەوە بۆ نێو کەشتییەکە، پاش ئەوەى بۆرییەکانى کەشتییەکە خاوێن دەکرێنەوە.
ئەو کەشتییەی بۆ کۆچبەران لە وڵاتەکە ئامادەکراوە، توانای نیشتەجێکردنی 500 کۆچبەری هەیە و حکومەت پلانی هەیە پڕی بکات لە کۆچبەر تاوەکو ئەوکاتەی کەیسەکانی داواکردنی مافی پەنابەرییان یەکلایی دەبێتەوە.
بەریتانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کیشوەری ئەوروپا کە ساڵانە زۆرترین کۆچبەر لە وڵاتانی ئەفریقا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتی ئەلبانیاوە روویتێدەکەن. ئەمەش بارگرانییەکی زۆری دارایی بۆسەرشانی ئەو وڵاتە دروستکرداووە.
هەرچەندە وڵاتەکە رێکاری زۆری گرتووەتەبەر بۆ چارەسەری دۆخەکە، تەنانەت بڕیاری ناردنی کۆچبەرانیشی بۆ وڵاتی رواندا دەرکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیارەکە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە تاوەکو 10ی ئەم مانگە 15 هەزار و 828 کۆچبەر لەرێگەی دورگەی ئینگلیزەوە بە بەلەم گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە.
لەدوایین پێشهاتدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەلەمیکی کۆچبەران، کە نازانرێت چەند کۆچبەری هەڵگرتووە، بەهۆی خراپی کەشوهەواو لە کەناڵی ئینگلیزیی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا ژێرئاوکەوت و کەسێک بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە و پێنج کەسی دیکەش دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە. پۆلیسی کەناراوەکانی فەرەنسا و بەریتانیا ژیانی 50 کۆچبەریان رزگارکردووە. لەو ژمارەیەش بەشێکیان بەهۆی ئەوەی توشی سەرمابردوویی بوون لە شاری دەڤەری بەریتانیا و کالاسی فەرەنسا گەیەنراونەتە نەخۆشخانە. تاوەکو ئێستاش زانیاری زیاتر لەبارەی ئەو کۆچبەرانە نەزانراوە.