رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی عێراقی، لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە، لەبارەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و دەڵێت، هێشتا پشکى خۆى وەرنەگرتووە.
لە مانشێتی یەکەمی بابەتەکە رۆژنامەکە دەڵێت “بەغداد و هەولێر.. چارەسەر نزیکە”، لە مانشێتی دووەمی هەمان بابەت دەڵێت ” هەرێم هێشتا پشكی خۆی لە بودجەدا وەرنەگرتووە”
رۆژنامەکە دەڵێت، هەرچەندە بودجە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام هێشتا هەرێمی کوردستان پشكی خۆی لە بودجەدا وەرنەگرتووە.
رۆژنامەکە بە ناوی پەرلەمانتاران و بەرپرسانی کوردەوە دەڵێت، هۆکاری ئەم بابەتە پابەندنەبوونە بە رێککەوتننەکان لەبارەی بودجە.
فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق قسەى بۆ رۆژنامەکە کردووە و گوتویەتى، کێشەکە ئەوەیە هێشتا هەرێم پشكی خۆی وەرنەگرتووە لە بودجە، ئەویش بەهۆی دەرنەچوونی رێنماییەکان بۆ جێبەجێکردنی و بوونی هەندێک بەندی “ئیستفزازی”، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چارەسەر نزیکە.
فازڵ نەبی گوتویەتى، تەفسیری جیاواز بۆ داهاتی نانەوتی هەیە، کە داهاتی سیادیە، هەرێم تەنها داهاتی خاڵە سنورییەکان بە داهاتی سیادی دادەنێت، حکومەتی ناوەندیش هەموو داهاتێکی ئاسایی بە داهاتی سیادی دادەنێت، واتە هەموو گومرگ و باج و رسوماتێک.