زووم، ئاژانسەکان:
بەگوێرەی داتاکانی حکومەتی ئەمریکا ژمارەی ئەو کەسانەی لە ساڵی 2022 لەئەمریکا خۆیانکوشتووە گەیشتووەتە 49 هەزار کەس،ئەمەش بەروارد بە ساڵی رابردوو ئاستێکی پێوانەی تۆمارکردووە
تۆری هەواڵی سکای نیوز لە راپۆرتێکدا لە زاری سەنتەری کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا رایگەیاندوو، زیاتر لە نیوەی ئەو کەسانەی لە ئەمریکا خۆیان کوشتووە بە چەک کارەکەیان ئەنجامداوە.
هاوکات وەزیری تەندروستی ئەمریکا ئەمرۆ هەینی رایگەیاندووە، “لە کۆی دە ئەمریکی نۆ کەس پێیان وایە ئەمریکا رووبەرووی قەیرانی تەندروستی دەروونی بووەتەوە.
هاڤیر بێسێرا، وەزیری تەندروستی ئەمریکا، لە راگەیاندراوێکدا باس لە بەرزبوونەوەی ئامارەکانی خۆکوشتن دەکات و دەڵێت: بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئەمریکا لە کاتیی بوونی کێشەیەکدا وابیردەکەنەوە ئەگەر داوای هاوکاری بکەن نیشانەیە بۆ لاوازییان.
ڕێژەی خۆکوشتن بۆ ساڵی 2022 لە ئەمریکا گەیشتووەتە 14.9 حاڵەتی مردن لە هەر 100 هەزار کەسێک، ئەمەش بە رێژەی 5% زیاترە لەو ئامارانەی لە ساڵی 2018 تۆمارکرابوو، کە ئەوکات 14.2 حاڵەتی خۆکوشتن بووە لە هەر 100 هەزار کەسێک.
ئەمەش لە کاتێکدایە سەنتەری کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان ئەمریکا دەڵێت: ئامارەکانی خۆکوشتن لە 48183 کەسەوە بەرزبوەتەوە بۆ 49449 کەس لە ساڵی 2022