ئەمریکا و ئێران گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی تاوەکو ئێران پێنج هاوڵاتی ئێرانی-ئەمریکی لە زیندانەکانی ئازاد بکات و ئەمریکاش چەند زیندانییەکی ئێرانییەکی ئازاد بکات و هەروەها ئازادکردنی بڕی شەش ملیار دۆلار داهاتی نەوتی کە لەئێستادا لە کۆریای باشور بلۆککراوە، ئەوەش بەپێی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی.
وەک هەنگاوی یەکەمی رێککەوتنەکە و دوای دوو ساڵ لە دانوستاندن، ئێران پێنج هاوڵاتی ئێرانی-ئەمریکی لە زیندانەکان ئازاد کرد، بەڵام هێشتا لە دەستەبەسەری ماڵەوەدان لە تارانی پایتەخت.
ئادرین واتسۆن، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی گوتی، “هەواڵی پشتڕاستکراوەمان پێگەیشتووە کە ئێران پێنج ئەمریکیی ئازاد کردووە کە بە ناڕەوا دەستبەسەر کرابوون،” و جەختی لەوە کردەوە کە “ئەو ئەمریکییانە نەدەبوو هەر سەرەتا دەستگیربکرێن” و ئاماژەی بەوەشکرد کە “بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنیان”.
گوتیشی، “دانوستاندنەکان هێشتا بەردەوامن بۆ ئازادکردنی تەواوەتییان” و جەختیکردەوە کە “ئازادکردنیان لە زیندان هەنگاوێکی باشە بەڵام دڵئارام نابین هەتاوەکو نەیانگەڕێنینەوە بۆ نیشتمان.”
لای خۆیەوە میدیای فەرمیی ئێران بە گێڕانەوە لە نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئازادکردنی ئەو کەسانەی پشتڕاستکردەوە کە لە زیندانی ئێڤینی تاران بوون، ئەوەش بە رێککەوتنێک لەنێوان تاران و واشنتن.
ئاژانسی ئێرنای فەرمیی حکومەتی ئێران رایگەیاند، بەپێی رێککەوتنەکە کە بە نێوەندگیری وڵاتێکی سێیەم کراوە، پێنج ئێرانی زیندانیکراو لە ئەمریکا ئازاد دەکرێن، هەروەها ئەو پارانەی ئێران لە کۆریای باشوور بلۆککراون ئازاد دەکرێن و دەگوازرێنەوە بۆ قەتەر.
پارێزەری یەکێک لەو هاووڵاتیانەی کە لەلایەن ئێرانەوە لە زیندانی ئێڤین لە تاران دەستبەسەرکرابوون بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ئەوان زیندانەکەیان بەجێهێشتووە و لە ئێستادا لە ژێر دەستبەسەری ماڵەوەدان، ئاماژەی بەوەشکرد، هیوادارە ئەمە هەنگاوێک بێت بەرەو ئازادبوونی تەواوەتییان لە ئێران.
ئەو هاوڵاتییە ئێرانی-ئەمریکییانە کە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە دەستگیرکرابوون بریتین لە سیامەک نەمازی تەمەن 51 ساڵ و عیماد شەرقی تەمەن 58 ساڵ، هەروەها ژینگەپارێز موراد تەهباز تەمەن 67 ساڵ کە هاوکات خاوەنی ڕەگەزنامەی بەریتانیایە.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو سێ کەسە تۆمەتبارن بە سیخوڕیکردن، هەروەها دوو کەسەکەی تر کە خێزانەکانیان نایانەوێت ناوەکانیان ئاشکرابکرێت، یەکێکیان زانایە و ئەوی دیکەیان بازرگانە.